320 خاوەن بڕوانامەى باڵا و یەکەمەکان دادەمەزرێندرێن

2025-05-12  194 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق، 320 کەسی خاوەن بڕوانامەى باڵا و یەکەمى زانکۆکان دادەمەزرێنێت، پێنجیان هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانن.

فەرمانى دامەزراندنى ئەو کەسانە لە 7ـى ئایار لەلایەن ئەو وەزارەتەوە دەرکراوە، نووسراوەکەیان ڕۆژی یەکشەممە، 11ـى ئایار نێردراوە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان ، لەنێویاندا 18 کەس لە پشکى کەرکووک و پێنج-یان هاووڵاتی هەرێمى کوردستانن.

حەیدەر عەبوودى، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق بە میدیاکانی وت: "ئەو کەسانە وەک هەر هاووڵاتییەکى پارێزگاکانى عێراق لە رێگەى بەستەرى سایتى ئەلیکترۆنى ئوور داواکاریى دامەزراندنیان پێشکێش کردووە و ناویان لە رێگەى ئەنجوومەنى خزمەت بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە". 

 
ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمى کوردستان کە بڕیارى دامەزراندنیان دەرکراوە بریتین لە: پەروەر رەشۆ فەتاح و عەبدولکەریم هیوا لە پارێزگاى هەولێر، فەلەک عەلى ئەحمەد و وریا عەبدوڵڵا حەسەن لە پارێزگاى دهۆک، رێکان شەفیق محەممەد لە پارێزگاى سلێمانى. 
 
حەیدەر عەبوودى رایگەیاند، ئەو کەسانەى دامەزرێنراون لە ناوەندى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبن و ئەگەر لە یەکەمەکان بن، پێویستە ماوەى یاسایی تەواو بکەن و بڕوانامەى باڵایان هەبێت بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە. 
 
بەگوێرەى بڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا، پێویستە ئەو دامەزرێنراوانە لە 10 رۆژدا مامەڵە فەرمییەکانیان رادەستى ناوەندى رێنمایی وەزارەتەکە بکەن، بە مەبەستى تەواوکردنى دامەزراندنیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە