لێدوانی نوێی تەیف سامی لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەران

2025-05-12  281 جار خوێنراوەتەوە

وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى سێ ساڵە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دامەزرێندراون، نزیکەى 400 هەزار کەس لەوانەى گرێبەست بوون، کراون بە فەرمانبەرى هەمیشەیى. 
 
تەیف سامى رایگەیاند، فەرمانگەى بودجەى وەزارەتەکەى بڕیاری دامەزراندنى 921 هەزار و 665 کەسى جێبەجێکردووە وەک دامەزراندنى نوێ کە لە یاساى بودجەى گشتى بۆ ساڵى 2023، 2024، 2025 هاتووە.
 
تەیف سامى وتی: "گرێبەستى 396 هەزار و 521ـى ئەو کەسانە کراونەتە هەمیشەیی کە وانەبێژ و کارمەندانى کارگێڕیى وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتەکانى دیکە بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى شەش هەزار و 910 کەس لە دەرکراوانى سیاسى."
 
هەروەها 103 هەزار و 818 کەسى دیکە دامەزرێنراون کە بە گرێبەست هەڵوەشاوەکان ناسراون، ئەوەش لە چوارچێوەى یاساى پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و گەشەپێدان و دامەزراندنى 74 هەزار و 728 کەسى دیکە لە یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان.
 
یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و گەشەپێدان لە ساڵى 2022  لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، وەک جێگرەوەى بودجەى ئەو ساڵە، تێیدا دامەزراندنى 15 هەزار کەس بەشێوەى گرێبەست جێگیرکرا کە بۆ هەر پارێزگایەک هەزار کەس بوو.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە ٧ڕۆژی راگەیاند: "ئەوانەى تازە دامەزرێنراون، جیاوازن لەوانەى گرێبەستیان بۆ دەکرێتە هەمیشەیی، بە تێکڕاى هەردووکیان ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس." 
 
بە گوێرەى رێکارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ئەو کەسانەى بەگرێبەست دامەزرێنراون، دواى پێنج ساڵ لە دەستبەکاربوونیان دەکرێنە فەرمانبەرى هەمیشەیی.  
 
وەزیرى دارایی بە میدیاى فەرمیى عێراقى راگەیاند: ژمارەى ئەو کەسانەى بەشێوەى گرێبەست لەسەر یاسای بودجەى گشتى دامەزرێنراون گەیشتووەتە 84 هەزار و 827 کەس، هەروەها 150 هەزار کەسى دیکەش بەشێوەى گرێبەست بۆ پارێزگاکان دامەزرێنراون. 
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى ئەو 150 هەزار گرێبەستە بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن و مووچەیان 300 هەزار دینار دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە