دانوستانەکانی ئێران و ئەمریكا دەستپێدەكەنەوە

10   کاتژمێر پێش ئێستا  145 جار خوێنراوەتەوە

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، وڵاتەكەیان ڕەزامەندی داوە لەسەر پێشنیاری عوممان بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژی یەكشەممە گەڕی چوارەمی دانوستانەكان لەنێوان هەردو وڵات بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی تەسنیم-ی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە زاری ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، دوابەدوای پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان بۆ بەڕێوەچونی خولی چوارەمی دانوستانەکان. تاران ڕەزامەندی لەسەر ڕۆژی یەکشەممە داوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئێرانیە ئاگادارە، دانوستانەكان تەنها پەیوەندیان بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەر تاران دەبێت.

بەگوێرەی میدیا ئێرانیەكە، خولی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە سەرەتادا بڕیار بو ڕۆژی شەممە 3ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاگەیاندنی لایەنەکان "بە هۆکاری لۆجستی و تەکنیکی" دواخرا.

ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەكانی ڕابردودا ئێران و ئەمریكا سێ خولی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانیان  بە نێوەندگیری عوممان ئەنجامداوە كە دو خولی دانوستانەكان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بوە و خولەكەی دیكەش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ئەنجامدرا.

شاندی ئێران لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و شاندی ئەمریكیش لەلایەن ستیف ویتكوف، نوێنەری ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكایەتی دەكرێت


   ئەمانەش بخوێنەرەوە