تهیف سامی لەبارەی کورتهێنانی بودجەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
136 جار خوێنراوەتەوە
تهیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024دا ئابوری عێراق بە ڕێژەی 5% گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی تۆمارکردوە، دهشڵێت، کورتهێنانی بودجە کەمە و مەترسی لەسەر قەرزە گشتییەکانی عێراق دروست ناکات.
تهیف سامی ئهمڕۆ دوشهممه لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، "شاندێکی باڵای حکومەت کە لەنێویاندا عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، یاوەری ئێمە بون، لەگەڵ شاندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش دوایین پێشهاتە ئابوری و داراییەکانی عێراقمان تاوتوێ کرد، لە میانی کۆبونەوەیەکدا کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچو".
ئاماژەی بەوەشکرد، نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی باسی چەند پێوەرێکی ئەرێنی كرد کە پەیوەندییان بە ئابوری عێراقەوە هەیە، دیارترینیان گەشەی 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی لە ساڵی 2024دا، کە بەهۆی گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبونی خەرجییە گشتییەکانەوە بوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی "چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ بەردەوامی گەشەکردن بە ڕێژەی 4% لە ساڵی 2025دا".
وهزیری دارایی عێراق باسی لهوهشكرد، "ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی نەوت وابەستەی بڕیارەکانی ئۆپێک دەمێنێتەوە سەبارەت بە سەقفی بەرهەمهێنان و نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا".
سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی، تهیف سامی ڕونیکردەوە، "کورتهێنان لە ساڵی 2024 گەیشتوەتە 5 ترلیۆن دینار، کە هاوتایە لەگەڵ 1.5%ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەدەر لە دانەوەی قەرز و پارەدانی دواخراو بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و وزە، ئهوهش ئاستێکی نزمە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی قەرزی گشتی نییە و خەمڵاندنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئهوهی پشتڕاستكردوهتهوه".
وەزیری دارایی دهڵێت، "وەزارەتی دارایی بە هاوکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری دەکات بۆ پشتگیریکردنی وەزارەت، ئەوە جگە لە دامەزراندنی کارمەندی نوێ بە پلەی پێشکەوتو بۆ چالاککردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەرزە گشتیەکان و شیکاری دارایی".
ڕونیشیکردەوە، "سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری بۆ عێراق، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی قەرزە گشتییەکان، چاکسازی لە باج و دەستنیشانکردنی گونجاوترین سیستەمی باج بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی عێراق، لە ڕێگەی سەنتەری هاوکاری تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (METAC)".
|