رێککەوتنی ئیبراهیمی و پلانی چۆڵکردنی غەززە

2025-02-13  104 جار خوێنراوەتەوە

دەمەوێت سەرنجتان رابکێشم بۆ چەند دێڕێکی وتارێکی پێشووتری خۆم کە لە چرکەساتی هێرش و پەلامارەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر نووسیوم، رۆژی دواتر لە پۆرتاڵی رووداو لەژێر ناونیشانی (تۆفانی ئەقسا لە تاران خۆش دەکاتەوە) بڵاوکراوەتەوە.
 
لەوێدا نووسیبووم: لە سەردەم و هەلومەرجێکی وەک ئێستای پێشکەوتنی ئامرازەکانی زانیاری و تەکنەلۆژیای سەربازی و هەواڵگری، قورسە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئیسرائیل لە نزیکترین دەروازەی جەستەی خۆیەوە بەو ئەندازەیە بێئاگابووە لە خۆپڕچەککردن و مەشق و راهێنانەکانی بزووتنەوەی حەماس. بەڵام لەوەش قورستر ئەوەیە بگوترێت ئیسرائیل چاوپۆشی کردووە لەوەی حەماس ئەو دەستپێشخەرییە بکات لە وەشاندنی گورزێکی لەو شێوەیە. بۆ گەل و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی وەک دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێجگار قورسە هیچ سەرکردە و سیاسییەک بتوانێت مساوەمەی لەو جۆرە بە گەلی ئیسرائیلەوە بکات، مەگەر لەپێناو ئامانجێکدا بێت کە بەلای ئیسرائیلەوە زۆر چارەنووسساز بێت و لە داهاتوودا ئەنجامەکانی دەرکەون.
 
تێزێکیش هەیە دەگوترێت هەموو کار و کردەوەیەک بە ئەنجامەکانی هەڵدەسەنگێندرێن. ئەگەر دوور لە کاریگەریی گوتاری لەخشتەبەری هەندێ بزاڤی ئیسلامی ناو بەرەی موقاوەمە کە هێشتا پێیان وایە براوەن و زایۆنیزم بەچۆکدا هاتووە، بە دیدێکی واقیعییەوە بڕوانینە ئەنجامی شەڕی 15 مانگی دوای 7ی ئۆکتۆبەر. لێکەوتەکانی لە سەر ئەرزى واقع لە غەززە و لوبنان، بڕینی دەستی ئێران لە ناوچەکە، هەروەها کەوتنی دەسەڵاتی پەنجا ساڵەی شیعە لە سووریا و هاتنە سەر حوکمی رەوتێکی سەلەفی جیهادی سوننی لە شام، وەک خۆی هەڵسەنگێنین، ئەنجامەکان بۆ ئیسرائیل بەشی ئەوەی تیا بەدەستهاتووە گومانت بۆ ئەوە بچێت، 7ی ئۆکتۆبەر مساوەمەیەک بوو بە چەند سەرباز و هاوڵاتییەکی ئیسرائیلییەوە لەپێناو دەستکەوت و ئامانجگەلێکدا کە هێشتا بەشێکی کەمیان دەرکەوتوون.
 
یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگی غەزە، ئاشکراکردنی ئەو پلانەیە کە چەند رۆژی رابردوو لەمیانەی سەردانی نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆشکی سپی، لە زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کەوتە بەرگوێی جیهان، (پلانی چۆڵکردنی غەزە). هەرچەندە لەدوای ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکاوە، بەشی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی و تەنانەت وڵاتانی رۆژئاوا کە هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکان، بەتووندی دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕی کە ترەمپ وەک چارەسەرێک بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێنای کرد. بەڵام ئایا هەر بەڕاستی جیهانی عەرەبی و رۆژئاوا دژی چۆڵکردنی غەزەن؟
 
دەمەوێ یادەوەریتان بگێڕمەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ترەمپ لە خولی پێشووتری سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا، ساڵی 2020 پڕۆژەی رێککەوتنی ئیبراهیمی بە چاودێریکردنی ئەمریکا وەک پڕۆژەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی، رێککەوتن و پەیماننامەیەکی گشتگیر لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی راگەیێندرا. هەرچەندە لە یاداشت و بڵاوکراوە فەرمییەکاندا هیچ بەند و بڕگەیەک نەبوو لەبارەی چۆڵکردنی غەززە، بەڵام ئەوکاتیش بەشێوەیەکی بەربڵاو قسەیەک کەوتە نێو میدیای عەرەبی، کوردی و جیهانییەوە کە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنامەیەدا خەڵکی غەززە دەگوێزرێنەوە بۆ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی. تەنانەت باس لەوە دەکرا بەشێکیان دەبرێن بۆ عەفرین و لە عێراقیش لە رومادییەوە بەدرێژایی سنووری نێوان سووریا و عێراق تا دەشتی نەینەوا بڵاودەکرێنەوە.
 
با بپرسین ئایا ئەوکات و ئێستا و بۆ داهاتووش هیچ پاساوێک هەیە تا کۆدەنگیی ئەوەی لەسەر دروست ببێت بۆ چۆڵکردنی غەززە؟ یاخود چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بیانەوێ خەڵکی غەززە بگوێزنەوە؟ ئایا بابەتەکە تەنیا پەیوەستە بە ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیلەوە؟ ئەگەر پرسەکە تەنیا ئاسایشی ئیسرائیلە، نەدەکرا ئاشتییەکی هەمیشەیی بچەسپێندرێت؟ یاخود کارێکی گەورەتریان بە جوگرافیای غەززە هەیە؟
 
پێم وایە کەس گومانی لەوەدا نییە هەموو کێشە و شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان، لەسەر بەرژەوەندی ئابوورییە. لە سەردەمی ئێستاشدا بەرژەوەندییە گەورەکانی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە و رێڕەوەکانی بازرگانین. ناکۆکی و ململانێی نێوان زلهێزەکانی دونیایش بۆ دەستڕاگەیشتنە بە سەرچاوەکانی وزە و دەستگرتنە بەسەر رێڕەوەکاندا، بەتایبەتی کەناڵ و رێڕەوە ئاوییەکان.
 
لە لایەک هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمز، هەروەها لەدوای بەهاری عەرەبی و کێشە نێوخۆییەکانی یەمەن و کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن حوسییەکانەوە، دروستکردنی مەترسی لەسەر گەرووی باب ئەلمەندەب و دەریای سوور. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەک بەرهەمهێنەری سەرەکیی وزە و وڵاتانی رۆژئاوا وەک بەکاربەری سەرەکی، کەوتنە بەردەم ئاڵنگاری و بژاردەی ئەوەوە بەدوای رێگای جێگرەوە دا بگەڕێن.
 
لە لایەکی دیکەشەوە دوای ئەوە چین گەشە و پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و خەریکە هەژموونی بەسەر ئابووریی جیهاندا دەسەپێنێت. ئەمریکا و رۆژئاوا و وڵاتانی کەنداوی یەکخست لەوەی رێڕەوە ئاوییەکانی بەستنەوەی کەنداو بە رۆژئاواوە، کە لە هەمانکاتدا رێگەی (گەشە)ی چینییە بۆ ئەورووپا، بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بۆ ئەمەش دەبێت خۆیان لە (گەرووی هورمز و بابولمەندەب) دوور بخەنەوە. پڕۆژەی چۆڵکردنی غەززە پەیوەندی بە پڕۆژەی گۆڕینی رێڕەوی ئاویی بازرگانی جیهانییەوە هەیە.
 
پڕۆژەکە ئەوەیە بە دروستکردنی کەناڵێکی ئاوی، کەنداوی عەرەبی و دەریای سوور و دەریای سپی نێوەڕاست ببەستن بەیەکەوە. کە لەلایەک رێگەی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقا کورت دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئاسایشی رێگاکە دەکەوێتە دەرەوەی مەترسییەوە. لە قۆناخی یەکەمدا لە هەردوو دیوی گەرووی هورمزەوە کەنداوی عەرەبی ببەستنەوە بە دەریای سورەوە. رێگەیەکیان لە نێوان قەتەر و ئیماراتەوە بۆ بیابانەکانی سعودیە، رێگەی دووەمیش لە عومانەوە بۆ سەر هەمان بیابان، بە دروستکردنی کەناڵێک بەناوی (کەناڵی سەلمان) ڕێڕەوێکی ئاوی دروستبکەن بۆ بەستنەوەی کەنداو بە دەریایی سورەوە بەناو خاکی سعودیەدا. بەمەش گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەخەنە دەرەوەی رێرەوی ئاوی بازرگانیی جیهانی. ئەوەی لەم پڕۆسەیەشدا پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە، دروستکردنی کەناڵێکە لە عەقەبەوە بۆ سەر دەریای سپیی نێوەڕاست بەناوی (کەناڵی بێنگۆریۆن) بەنێو جوگرافیای غەززەدا تێپەڕ دەبێت.
 
رەنگە بۆ خوێنەر ئاسان نەبێت بڕوا بەوە بکات رێگەیەکی دوور و درێژی چەند هەزار کیلۆمەتریی وشکانی بکرێت بە کەناڵی ئاوی و بتواندرێت کەنداوی عەرەبی ببەسترێتەوە بە دەریایی سپی نێوەڕاستەوە. بەڵام ئەگەر بڕواندرێتە ئەو سەردەم و کاتەی کە هێشتا کەرەستە و ئامرازەکانی پیشەسازی بەراورد بە ئێستا زۆر سەرەتایی بوون و کەناڵی (سوێس) بە هێز و بازووی سەدان هەزار کرێکار وەک کەناڵێکی دەستکرد دروستکراوە، بۆ رۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ کە شۆڕشی پیشەسازی گەیشتووەتە لووتکە و ئامرازەکانی بڕین و هەڵکەندن زۆرن و ئاسان بەردەست دەکەون. دەگەیتە ئەو باوەڕەی کارێکی مەحاڵ نییە.
 
غەززە یەکەم قوربانیی ئەم نەخشە نوێیەی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیلە کە لە منداڵدانی رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە هاتووەتە ئاراوە. بۆیە ئەگەر بە شەڕ و کاولکاری بێت یان ئاشتی، ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئامانجەکە ئەوەیە جوگرافیای غەززە دەبێت بە کەناڵێکی ئاوی و رێڕەوی کەشتییە زەبەلاحەکانی گواستنەوەی نەوت و کاڵای بازرگانی.

عارف قوربانی نوسیویەتی..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە