حکوومەتی هەرێم دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەرێکی نەماوە
2025-02-13
200 جار خوێنراوەتەوە
بەغدا دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەری لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی تر لە هەرێمی کوردستان وەرگرتوەتەوە
بە گوێرەی نوێترین گشتاندنی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم، بەغدا دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەرێکی لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکەی لێوەرگرتوونەتەوە و دەبێت بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥ هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستی مووچەدا روونەدات.
ئەمڕۆ وەزارەتی گشتاندنێکی بڵاوکردووەتەوە کە بەپێی ئەو گشتاندنە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە لیستی مووچەدا راگیراوە، بەوەش نەک هەر پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەست پێ ناکاتەوە بەڵکو سەرەمووچەش لەمساڵدا رادەگیرێت.
بە گوێرەی گشتاندنەکە دامەزراندن بەهەموو شێوازەكانی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بەلەجیاتی دانان- وانەبێژ- خۆبەخش) رادەگیرێت و لەمساڵدا ناتوانن هیچ دامەزراندنێک بە بێ رەزامەندی بەغدا ئەنجام بدەن.
هەروەها بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران ڕاگیراوە و پابەندبوون بەو رێژەو بڕانەی دەرماڵە، كە لە لیستی موچەی كانونی دووەمی 2025دا هاتووە.
ئەمە جگە لەوەی گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لەنێوان سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت قەدەغە کراوە ئەوەش بەو واتایە دێت لە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمدا نیە فەرمانبەرێک لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە بگوازێتەوە.
جیا لەمانە راگرتنی ئەژماركردنی خزمەت بۆ مەبەستەكانی وەزیفەی گشتیی راگیراوە، بە تایبەت ئەو فەرمانبەرانەی کە لە رابردوودا بە گرێبەست دامەزراون و ئێستا کراونەتە فەرمانبەری هەمیشەیی، ئەو خزمەتەی لە کاتی گرێبەستبووندا هەیانبووە بۆیان هەژمار ناکرێن.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان، مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان داوەتە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و داوای پلەبەرزکردنەوەو دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ دەکەن.
بەڵام بە گوێرەی ئەو گشتاندنە کە لەبەرەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە سەر خشتەکانی مووچە دەرکراوە، هیچ گۆڕانکارییەک لەمساڵدا روونادات ئەوەش بەو واتایە دێت کە هیچ کام لە داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ ناکرێن.
حکوومەتی هەرێم بەم رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا ئەنجامیداوە، تەواوی دەسەڵاتەکانی بەسەر فەرمانبەراندا لێ وەرگیراوەتەوە و هاوشێوەی پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
لە بەرانبەردا بەڵێن دراوە مووچەی هەر ١٢ مانگەکەی ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە رەوانە بکرێت بەڵام دیار نیە بەغدا پابەندی رێککەوتنەکە دەبێت یان نا.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|