چۆن مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران کۆتایی پێهات؟
2025-02-12
111 جار خوێنراوەتەوە
دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە مامۆستا مانگرتوەکانی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا و رایانگەیاند لە ژێر فشاری کەسوکاریان بڕیاری کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.
بۆ پشتیوانی لە مامۆستا مانگرتوەکان ژمارەیەک چالاکی جیاواز بەڕێوەچوون کە دیارترینیان داخستنی دوکانەکانی ناو بازاڕی سلێمانی و هەڵەبجە بوو.
مانگرتوەکان لە پانزەیەمین رۆژی مانگرتنەکەیان بوون، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و هاووڵاتیانی شاری سلێمانی لە خێمەکەیان کۆبوونەوە و داوایان لێ کردن کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردبوو.
لە وتاری کۆتاییهاتنی مانگرتنەکەدا یەکێک لە مامۆستا مانگرتوەکان رەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە کرد کە لە میدیاکانیانەوە هەواڵی ناڕاست لەسەر مانگرتنەکەیان بڵاو دەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە کەناڵی ئێن ئاڕ تی سەر بە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ بڵاویکردەوە کە مانگرتوەکان لەسەر داوای یەکێتی کۆتایی بە مانگرتنەکەیان دەهێنن ئەوەش مانگرتوەکانی توڕە کرد و بە درێژایی چالاکییەکانی ئەمڕۆیان هێرشیان کردە سەر ئەو حیزبە.
کەناڵەکەی شاسوار عەبدوالواحید دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شکاندنی مانگرتنەکە بە توانجەوە بڵاویکردەوە کە مانگرتوان دەڵێن لەسەر داوای یەکێتی چالاکیەکەیان کۆتایی پێ نەهێناوە.
پێشتر زیاتر لە ١٢٠ رێکخراوی مەدەنی ناوخۆیی و چالاکوانی دیار لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە مامۆستاکان کردبوو کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن ئەوەش بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەبێت.
هەروەها سیان لە مانگرتوان توشی خوێنبەربوونی ناوەکی بوون و بۆ چارەسەرکردن گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
نوێنەری مانگرتوان رەخنەی لە هاووڵاتیان گرت کە بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون و پشتیوانیان نەکردوون.
باسی لەوە کرد کە لە ساتی شەپۆلە سەرماکەدا، ئەوان لەناو خێمە ساردەکەیان بوون، کەچی خەڵک لە نزیک ئەوانەوە شەڕە بەفری کردووە.
ماوەی ١٥ رۆژ ١٣ مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان مانیان لە خواردن گرت و ئەمڕۆ دوای دوو هەفتە کۆتاییان بە مانگرتنەکە هێنا.
لەگەڵ ئەوەی هیچ کام لە داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ نەکران، بەڵام مانگرتوەکان دەڵێن ئەوان لەسەر داوای هیچ کام لەبەرپرسە حیزبی و حکوومییەکان مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ نەهێناوە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|