داواکارییەکان بۆ شکاندنی مانگرتنی مامۆستا و فەرمانبەران تا دێت زیاتر دەبێت.
2025-02-11
103 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر ژیان و تەندروستی مامۆستایانی مانگرتوو، داواکارییەکان بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان زیاتر دەبێت و دەیان رێکخراوی مەدەنی داواکارن کۆتایی بەو چالاکیە مەدەنیە بهێنرێت.
ماوەی نزیک بە دوو هەفتەیە ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەری ناڕازیی لە سلێمانی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووەو تا جێبەجێ بوونی داواکارییەکان ئامادەنین مانگرتنەکە بشکێنن، بەڵام داواکارییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو چالاکیە مەدەنیە زیادی کردووە.
نزیکەی ١٦٠ کەسایەتی و هەڵسوڕاوی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا وه لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن" مافی خۆتانە لە ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانەدا کار بکەن و ئەم هەڵوێست و نارەزایەتیەشتان وانەیەکە بۆ لاوان و فێرکاران بۆ بێدەنگ نەبوون لە ئاست داخوازییە کانیان".
هەروەها دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە جددی و مەترسیدارەکانی مانگرتن لە خواردن، داوا لە هەموو مانگرتووان دەکەین گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن و مانگرتن لە خواردن رابگرن.
ئەمە یەکەمجارە مامۆستایان پەنا بۆ مانگرتن لە خواردن دەبەن بەڵام ئەوە مەترسی جددی لەسەر ژیانی مانگرتوان دروستکردووە و تا ئێستاش هیچ کام لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت وەڵامی داواکارییەکانی نەداونەتەوە.
رۆژی رابردوو، مامۆستایان بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان بە خۆپیشاندان بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن بەڵام لە بازگەی دێگەڵە کە بە سنووری نێوان دوو زۆنەکەی هەرێمی کوردستان دەناسرێت بە زەبری هێز رێگریان لێکراو گەڕێندرانەوە.
هەمان رۆژ لە کاتی چۆڵبوونی خێوەتی مانگرتووان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە بێدەنگی خۆی بە خێوەتەکەدا کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە مانگرتوەکان گفتوگۆی کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان هیچ بەڵێنێکی بە مانگرتوەکان نەداوە تەنیا ئەوە نەبێت کار بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان دەکەن.
ساڵی رابردوو لەسەر بەڵێنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت مامۆستایان دوای سێ مانگ کۆتاییان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن هێنا هیچ کام لە داواکارییەکانیشیان جێبەجێ نەکراون بۆیە ئەمساڵ متمانەیان بە بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی نەماوە.
مامۆستایان داوای تەوتین لە بانکە فیدڕاڵییەکان و دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە فەوتاوەکانی ساڵانی رابردوو دەکەن، هاوکات داوای دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی راژەکانیان دەکەن کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بە نایاسایی راگیراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە داواکاری مامۆستایان داواکارییەکی رەوایە بەڵام خواستەکان بۆ شکاندنی مانگرتنەکە زیادی کردووە چونکە مەترسی جددی لەسەر تەندروستی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دروستبووە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|