فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەستیان پێکرد

2025-02-10  216 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ

بڵاوبوونەوەی نامەی ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی بۆ دۆناڵد ترەمپ بۆ سزادانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سەرکردە شیعەکان، بووە بەشێک لەو فشارانەی کە بۆ سەر بەغدا لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە دەستیان پێ کردووە.

 ١٢ کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا داوایان کردووە هەریەکە لە رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، حزبوڵا، نوجەبا، كەتایبی جوندولایمام، كەتایبی سەید شوهەدا، سریەی جیهاد، سریەی خۆراسانی و ژمارەیەکی دیکە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.

ئەم نامەیە دوای ئەوە هات، تڕەمپ مۆڵەتی حکوومەتی عێراقی بۆ کڕینی غاز و کارەبای ئێران نوێ نەکردەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەیشتنی دۆلاری ئەمریکی بە بەرپرسانی تاران.

نوێ نەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە کێشە بۆ وزەی عێراق دروست دەکات چونکە تا ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵی پشت بە غازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبەستێت.

جیا لەوە بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان پێشتر داوای ئەوەیان کردبوو کە بانکی رافیدەینی سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق سزا بدرێت ئەوەش بەهۆی ئەوەی بووەتە سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بۆ ئێرانییەکان.

هاوکات زانیاری ئەوە بڵاوبووەتەوە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی کە نەوتی عێراق دەخاتە بازاڕەوە، بەشێک لە نەوتی ئێرانییەکانی لە بازاڕەکاندا ساغ کردووەتەوەو ئێستا دەستکراوە بە کۆکردنەوەی بەڵگە دژی ئەو کۆمپانیایە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان مەترسی هەیە رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا بێتەوە.

پێشتریش ترەمپ پەیامی ئەوەی بە محەمەد شیاع سودانی گەیاندبوو پێویستە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە بە پێچەوانە دەکەونە بەر گورزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، چونکە گرووپە نزیکەکانی ئێران لە عێراقەوە چەندین جار پەلاماری ئیسرائیلیان داوە و بەهۆیەوە قوربانی لە ریزەکانی سوپای ئەو وڵاتە کەوتوونەتەوە.

تا ئێستا دیار نیە ترەمپ نیازی چی بەرانبەر بە عێراق هەیە بەڵام ئەوە روونە رێگە نادات هاوشێوەی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە بۆ کۆکردنەوەی دۆلار بەکاربهێنرێت.

بە بڕوای شارەزایان ئەگەر عێراق مل بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا نەدات، ئەوا دراوەکەی راستەوخۆ رووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە بە ئێستاشەوە قەیرانی دابەزینی نرخی دراوی عێراقی هێشتا بەتەواوی چارەسەر نەبووە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە