دەوڵەتی یاسا: نوری مالیکی وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەتەوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
63 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلاییکەرەوە بێت. وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، هێشتا نووری مالیکی کاندیدەو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوونیش دەڵێ، مالیکی لە دەرەوەی بابەتی کاندیدی سەرۆکوەزیرانە.
عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاندووە: "نازانین بۆچوونی ئێستای ئەمریکا لەسەر کاندیدی بوونی بەڕێزمالیکی چییە، بەڵام هێشتا ئەو کاندیدی سەرۆکوەزیرانە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە."
وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی لای ئەوان گرنگی پێدەدرێ "هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی ئەمریکایە؛" هەروەها دەشڵێت: "دەبێت رێز لە بڕیاری عێراقییەکان بگیرێ."
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی، عەقیل فەتلاوی باسی لەوە کرد: "هیچ دڵنیاییەک نییە ئەمڕۆ کۆبوونەوە بکرێ." بەڵام ئەحمەد ئەسەدی، کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەڵێت، رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکە دەکرێ و "ئەنجامی کۆبوونەوەکەش نادیارە."
هاوکات سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، راگەیاند: "ئێستا مالیکی لە دەرەوەی بابەتی کاندیدکردنە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
سەعد سەعدی ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا نازانرێ کێ بۆ پۆستەکە دیاری دەکرێ.
11 رۆژ لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەەکەی، تاوەکو بە فەرمی بدرێتە سەرۆککۆمار و ئەویش رایسپێرێ کە لە 30 رۆژدا حکومەتەکەی پێکبهێنێت کە شیعەکان تێیدا زۆرینە دەبن.
|