فەرمانبەرێکی بازگەی چیمەن لە کەرکوک بە دووساڵ زیندانیکردن سزا درا

31   خولەک پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، دادگا سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی تووندی بەسەر فەرمانبەرێکی گومرگی ناوچەی باکوور لە کەرکووکدا سەپاندووە.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی کەرخ (دەستەی دووەم)، بڕیاری زیندانیکردنی دوو ساڵی بۆ فەرمانبەرێکی گومرگی بازگەی (چیمەن) لە پارێزگای کەرکووک دەرکرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەرچوونی ئەو سزایە دوای ئەوە دێت کە لەبەردەم دادگەدا سەلمێندراوە ئەو فەرمانبەرە خۆی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی دزیوەتەوە و بڕە پارەیەکی وەک بەرتیل لە ژمارەیەک کەس وەرگرتووە لە بەرامبەر راپەڕاندنی مامەڵەکانیاندا.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکەی دادگا سەپاندنی پێبژاردنی داراییشی بەسەر تاوانبارەکەدا لەخۆگرتووە و لە ئەگەری نەدانی بڕە پارەکەشدا، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە زیندانی دەکرێت.

بڕیارەکەی دادگا بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) و بە ئاماژەدان بە ماددەی (132/3) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە، هاوکات مافی داوەتە دەستەی گشتیی گومرگەکان کە دوای پلەی کۆتایی وەرگرتنی بڕیارەکە، داوای قەرەبوو بکاتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە