بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان روویدا لەبیرناکرێت
25 خولەک پێش ئێستا
15 جار خوێنراوەتەوە
کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی دەستیپێکرد و قوباد تاڵەبانی وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەی پێشکەشکرد و لەیەکەم گفتوگۆشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئەو رووداوەی رۆژانی پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان روویدا بێڕێزی و پێشێلکاری بوو بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و لەبیرناکرێت.
قوباد تاڵەبانی لە وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا وتی: هیوادارین گفتوگۆکانی ئەم کۆڕبەندە یارمەتیدەربن و بەرچاوڕونیمان بدەنێ لەسەر چۆنییەتی روبەرووبونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی روویان لە ناوچەکە کردووە، سلێمانیش باشترین شوێنە بۆ ئەم گفیوگۆیانە، هەم لەرووی کلتور و لەرووی جوگرافیاشەوە هەمیشە ئاماددە بووە بۆ گفتوگۆ و رەخنەگرتن و گوێگرت، لەوانەش گرنگتر هەمیشە ئامادەی روبەروبونەوەی زوڵم و زۆرداری و نەهامەتی و غەدر بووە.
لەیەکەم گفتوگۆدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێیدا بەشداربوو، رایگەیاند: حکومەتی هەرێم دەبێت بەتەواوی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، ئەوەی لەم دواییانە لە پەرلەمانی کوردستان روویدا هەنگاوێک بوو بۆ تێکدانی دۆخەکە و ئاڵۆزی کرد، ئەوەی لە رۆژانی پێشوو روویدا لەبیر ناکرێت و بێڕێزی و پێشێلکاری بوو بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و پەرلەمان کرایە مەیدانی بازرگانی بە ڕاو دەنگی خەڵکەوە، لەهەر وڵاتێکی تر روویبدایە ئەنجامدەرانی دەخرانە زیندانەوە، بۆیە هیچ لێخۆشبوونێک نییە بۆ ئەو هەڵانە.
ئەوەشی وت: ئێستا کوردستان هیچ پەرلەمانێکی نییە و ئێمە دانیپێدا نانێین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەت و حزبەکانی تریش کەمن قسەم لەگەڵ کردوون ، نابینە بەشێک لەم پرۆسەیە و دەبێت بوەستینرێت، ئەو داڕمانە لەبیرناکرێت کەلە پەرلەمان روویدا، بۆ ئەم مەبەستانەش داوا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەین، ئەگەر نایەوێت کێشەکانمان چارەسەر بکات، با لەدورەوە بوەستێت و سەیر بکات خۆمان چارەسەری دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد بەغداد و بەتایبەت سەرۆکوەزیران دەیەوێت رۆڵێکی باش بگێڕێت و پرسیار دەکەن کە بۆچی نرخەکان لێرە لەنەوت و بەنزین و غاز زۆر بەرزن و لە بەغداد وا نییە؟ بۆچی نەوتی خۆتان بە دوو هێندەی نرخ دەفرۆشنەوە بە خەڵکی خۆتان؟ وتیان وەرن با ڕێک بکەوین و ببینە هاوپەیمان و هاوبەش، بەڵام کەمینەیەکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان گوێ پێنادات، بۆیە هەموان کێشەکان دەبینن و دەزانن گەندەڵی و نائومێدی هەیە.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هەموو کارەبای هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەمچەماڵ 40 ساڵ لەدوای هەولێرەوەیە و ئاوی نییە و بەتەنکەر ئاوی پێدەگات، ئەمەش خۆپەرستیی و نادادییەکی گەورەیە، بۆیە ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم جیاوازییانە پێویستمان بە دوو ئیدارەیی هەیە.
|