نهێنیی مەترسیدار لەبارەی گیان لەدەستدانی مارادۆنا ئاشکرا دەکرێت
9 کاتژمێر پێش ئێستا
428 جار خوێنراوەتەوە
پۆلیسێک لە ئەندامانەی ئەو تیمەی یەکەمجار گەیشتوونەتە سەر تەرمی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا کاتێک لە ساڵی 2020 کۆچی دواییکرد، ئاشکرایکردووە هیچ کەرەستەیەکی پزیشکیی لە ژوورەکەدا نەبینیوە، ئاماژە بەوە بدات بایەخ بەتەندروستیی ئەو ئەفسانەیە دراوە.
تاوەکو ئێستا، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دادگا، بۆ دۆسێی گیان لەدەستدانی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەردەوامە، پۆلیسێک ژمارەیەک نهێنیی نوێی ئاشکراکردووە.
ئەو پۆلیسەی ئەندامی تیمەکە لەبەردەم دادوەردا باسی لە ساتە سەرەتاکانی گەیشتنی بەژوورەکەی مارادۆنا کردووە پاش مردنی، ئەو دەڵێ، لە ژوورەکەدا هیچ ئاماژەیەکم نەبینی روونی بکاتەوە ئەوە ژوورێکی تایبەتە و بۆ چاودێریکردنی کەسێکی نەخۆش تەرخانکراوە.
دادگا، دانیشتنەکانی خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی هۆکاری گیان لەدەستدانی مارادۆنا درێژەپێداوە و لە رۆژی سێیەمی دانیشتەکانی دادگادا، لوکاس ڤاریاس، رێگەپێدراوی پۆلیس بەدادوەری دادگاکەی راگەیاندووە، "هیچ پێویستییەکی تەندروستیم لە ژوورەکەدا نەبینی، کانۆلا یان هیچ شتێکی دیکەی لێ نەبوو، لە کاتێکدا من پێشبینیم دەکرد لە ژوورەکەدا ئەو شتانە ببینم".
لە هەمان رۆژی دادگاییەکەدا، لوکاس بۆرخی کە ئەویش یەکێکبووە لەو کەسانەی لەسەرەتاوە گەیشتوونەتە ژوورەکەی مارادۆنا لە تیگری، دەڵێ، "سیسەمی نەخۆشخانە لە ژوورەکەدا نەبوو، بەڵکو دەستێک پێخەفی ئاسایی لێبوو". ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لە ژوورەکەدا تەنانەت ئامێری نەهیشتنی لەرزینی تێدا نەبووە.
مارادۆنا لە 25ی مانگی یانزەی ساڵی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵیدا گیانی لەدەستدا، ئەوکات ئەو لەژێر چارەسەری چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشکدابوو، پاش سەردەمانێک لە ململانێی خووپێوەگرتن بەکۆکایین و کهول کە بووبوونە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە لە گوورچیلە، دڵ و مێشکی ئەو یاریزانەدا.
مارادۆنا دوای دوو هەفتە لە هاتنە دەرەوە لە نەخۆشخانە، لە ماڵێکی کرێی ناوچەی تیگری لە باکووری بۆینس ئایرسی پایتەختی وڵات، گیانی لەدەستدا و دواتر دەرکەوت هۆکاری مردنەکەی جەڵتەی دڵ بووە.
پەرستاری ئێشکگری مارادۆنا لە شەوی گیان لەدەستدانەکەیدا، بەدادوەری راگەیاندووە، "هەستم بەوەکرد کە خەریکە جەڵتە لێی بدات، بەڵام پێمگوترابوو کە نابێ بەئاگای بهێنم".
دادگا لەوە دەکۆڵێتەوە، تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بداتە پاڵ هەریەکە لە لیۆبۆلدۆ لوکی، نەشتەرکاری مێشک، ئاگۆستینا کوساچۆڤ، پزیشکی دەروونیی، کارلۆس دیاس، چارەسەرکاری دەروونیی، نانسی فۆرلینی هاوئاهەنگیکاری تەندروستی، ماریانۆ بیرۆنی هاوئاهەنگیکاری پەرستاران، پیدرۆ پابلۆ دی سبانیا و ریکاردۆ ئالمێرۆ کە هەردووکیان پەرستارن.
داواکاری گشتیی ئەرجەنتین تۆمەتی "چارەسەری لاواز و بەهەڵپە"ی داوەتە پاڵ تیمە تەندروستییە سەرپەرشتیارەکەی چارەسەری مارادۆنا، وایداناوە کە ئەو بەتەنیا جێهێڵراوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە.
لیژنەیەکی پسپۆرانی تەندروستی کە لە 20 ئەندام پێکهاتووە، پاش لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی مارادۆنا، وایداناوە کە ئەو "هەلی بەردەوامبوون لە ژیانی هەبووە" ئەگەر چارەسەری پێویستی وەربگرتایە.
بۆرخی لە قسەکانیدا گوتوویەتی، کاژێر یەکی پاشنیوەڕۆ لە ناوچەی تێگرییەوە تەلەفۆنی بۆکراوە و ڤاریاسی یاریدەدەری خۆی ناردووە بۆ شوێنی رووداوەکە و ئەو پێی راگەیاندووە کە مارادۆنا گیانی لەدەستداوە.
بۆرخی دەڵی کاتێک گەیشتمە ماڵەکە، سەرم سووڕما لە ژمارەی ئەو هەموو کەسەی لەوێ کۆبووبوونەوە لە ئەندامانی خێزانەکەی و تیمەکەی.
لە کردنەوەی دانیشتەکانی دادگادا لەبارەی دۆسێیەکەوە، پاتریسیۆ فیراری، داواکاری گشتی وایداناوە کە ئەوەی روویداوە، "پڕۆسەیەکی تیرۆرکاریی"بووە، شوێنی چارەسەرکردنی ئەو ئەفسانەیە بووەتە، "شانۆیەکی تۆقێنەر" کە دەستەیەکی پزیشکی کارەکەیان ئەنجامداوە، "هیچ کەس لە تیمەکە ئەوەی نەکردووە کە دەبوو بیکات".
ئەو داواکارە وێنەی مارادۆنای بەمردوویی لەسەر پێخەفەکەی خستە روو کە سکی ئاوساوییەکی یەکجار زۆری پێوە دیارە، لە کاتێکدا پۆلیس لە راپۆرتی خۆیدا دەڵێ سکی مارادۆنا نزیکبووە لە تەقینەوەوە.
|