هۆکاری بوونی ئازار لە شان و مل دا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

48   خولەک پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

ئازاری مل تەنیا پەیوەندی بە ناوچەی ملەوە نییە و لەوانەیە دەرئەنجامی بریندارییەکی کۆنی بەشێکی دیکەی جەستە بێت کە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر روویدابێت.

دکتۆر دمیتری سیمکین، پسپۆڕی ئێسک و جومگە رایگەیاند، ئازار و گرژبوونی مل لەوانەیە پەیوەندی بە رووداوێکی کۆنەوە هەبێت، وەک پێکانێکی درێژخایەنی پاژنەی پێ کە لە قۆناخی منداڵیدا روویدابێت.

سیمکین لەبارەی میکانیزمی کاریگەریی ئەو برینانە روونیکردەوە: "دوای برینداربوونی پاژنەی پێ، رەنگە گرژبوونی شانەکان لەو ناوچەیەدا بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. ئەم گرژییە فشارێک دروست دەکات کە جەستە ناچار دەکات بە شێوەیەکی پلەبەپلە خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. لە ئەنجامدا شێوازی وەستانی لەش کەمێک دەگۆڕێت و بەرەو لای برینەکە لاردەبێتەوە، هاوکات ماسولکەکانی لایەنی بەرامبەر زیاتر دەکەونە کار بۆ راگرتنی هاوسەنگی."

سیمکین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێکانانەی لە کاتی لەدایکبووندا لە حەوز، شان، مل یان سەردا روودەدەن، دەکرێت بۆ چەندین ساڵ کار بکەنە سەر چۆنیەتی دابەشبوونی کێش و هاوسەنگیی لەسەر جەستە.

سیمکین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاریگەریی نەخۆشییە کۆنەکانی هەناوی خستەڕوو و گوتی: "تەنانەت ساڵانێک دوای تووشبوون بە هەوکردن لە گەدە، ریخۆڵە یان ئەندامەکانی دیکەدا، لەوانەیە گرژیی شانەکان لەو ناوچانەدا بەردەوام بێت. ئەم دۆخەش جەستە ناچار دەکات بە شێوازێکی قەرەبووکەرەوە خۆی بگونجێنێت، کە لە دەرئەنجامدا بارگرانی و فشاری زیاتر دەخاتە سەر بەشەکانی دیکەی لەش، بەتایبەت ماسولکە و جومگەکانی مل."

لە کۆتاییدا، سیمکین هۆشداری دا کە ئەم گرژبوونە قەرەبووکەرەوەیە لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی ئازاری بەردەوامی ماسولکەکان، زیادبوونی فشار لەسەر جومگەکان و بڕبڕەی پشت، هەروەها تێکچوونی گەیاندنی خۆراک بە شانەکان. هەرچەندە لە سەرەتادا جەستە هەوڵ دەدات لە رێگەی زیادکردنی لێشاوی خوێنەوە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام مانەوەی درێژخایەنی ئەو گرژییە دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و گرفتەکە ئاڵۆزتر دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە