ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر دوا كۆچی مام جەلالدا تێپەڕدەبێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
پاشنیوەڕۆی رۆژی 3ی10ی2017 لە وڵاتی ئەڵمانیا مام جەلال كۆچی دوایی كرد و ساڵانەش لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان یادی ئەو کۆستە گەورەیە دەكرێتەوە.
مام جەلال كە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمایی كوردستان بوو، رۆژی 17-12-2012 بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغدادەوە رەوانەی ئەڵمانیا كرا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشیكی، بەداخەوە رۆژی 3-10-2017 دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دوا كۆچی مام جەلالدا.
ژیاننامەی مام جەلال ...
مام جەلال كوڕی شێخ حیسامەدین كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غەفوور، هاوینی ساڵی 1932 لە گوندی (كەلكان)ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، كە دەڕوانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دواتر باوكی بووە بە رێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چووەتە خوێندنگای سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێک لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕێكانی دەكەوت بۆ كۆڕی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی خوێندکاراندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.
لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێكبوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكییەكانی خوێندنگا دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوە و شانۆدا دەكرد.
ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەوە، ئەویش بەهۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.
* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، سەرۆك تاڵەبانی كە لە تەمەنی 13 ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كرد و وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسوڕمانی مامۆستا و بەشداربووان.
* لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراند بە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە (k.p.x) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.
* لەهەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.
* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی (رزگاری) كە پارتی دیموكراتی كورد بەنهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی (ئاگر)دا بۆ بڵاودەكردەوە.
* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.
* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كرد و لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی (وەسبە) (راپەڕین) ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسماوس) هەڵبووەشێنێتەوە و حكومەتی ساڵح جەبر بڕوخێنێت و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێت و لەو كەشوهەوا ئازادییەدا كە لە سایەی ئەم (راپەڕینە) هاتەكایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.
ئەوە بوو سەرۆم مام جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕەپانی (السباع) ی شاری بەغداد بەسترا.
* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمینجار گوێی لە شاعیری مەزن (محەمەد مەهدی جەواهیری) بوو، كە شیعرە بەناوبانگەكەی (رۆژی شەهید)ی خوێندەوە، كە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی سەرۆك تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وایكرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتییە تا دواساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.
* ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عورفی و تۆقاندن كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، سەرۆك تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.
* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.
* لە ساڵی 1951 دا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكدا گیرا و بۆ شاری موسڵ دوورخرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوامبوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لەهەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.
* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.
* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لەهەمان ساڵیشدا یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.
* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.
* ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عیراقی كرد و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كرد و لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوسا و چینی كرد.
* ساڵی 1956 لەبەرچاوان ونبوو، كەوتە خەباتی ژێرزەمینی و ناچاربوو لە قۆناغی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.
* ساڵی 1957 سەفەری سوریا و مۆسكۆی كرد و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوە و پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لەهەمان ساڵیشدا گەڕایەوە عیراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی كوردستان) كە لە سلێمانی بەنهێنی دەریان دەكرد.
* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕشی 14 ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كرد و بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لەنێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداری لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر)دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لەئەستۆ گرت كە لەنێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عیراقی.
* ساڵی 1959 جارێكیتر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لەهەمانكاتدا ئەفسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو و بە ناوی (پیرۆت)ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.
* ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.
* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (كوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆرییەت خوێندەوە و بەرگری لە بارزانی كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابووە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بەنهێنی گەڕایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلولدا كرا.
* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕش هەڵگیرسا، لێپرسراوی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕشی لە چەمی رێزان كردەوە و سەرپەرشتی كرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
* لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێرشە بەرفراوانەی كرد بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەكانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.
بەمشێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن بوونە دوو ناوەندی شۆڕش و سەركردایەتی، لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگا و ئازادكران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لەهەمانكاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەكرد.
* ساڵی 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وەفدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی تازەدا كە لەسەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لەهەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد و نوێنەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كرد و سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كورد و ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆفاكیا و نەمسا.
* ساڵی 1964 گەڕایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.
* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕی (ئیشتراكیەكانی عەرەب) كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بەپێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.
* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكییەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.
* ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عیراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕشی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزاكرا، سەرۆك تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.
* لە 1-6-1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا كە لە 1 ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنراو بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.
* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕش بەردەوام بوو لەگەڵ هەڤاڵەكانی لە چیا و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.
* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسییەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەنێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عیراقییەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.
* لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش، سەرۆك تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵەتی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسییە نێودەوڵەتییەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.
* جگەلەوەی كە كەسایەتییەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەند و نووسەر و یاساناس بوو، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لەساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.
* سەرۆك تاڵەبانی جگەلەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لەتیشك خستەسەر تێكڕای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عیراقیدا.
* دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كردو لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕاندنی كاروباری حوكم نیشاندا.
* لە 6 ی نیسانی 2005 مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بەدەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، بەمجۆرە سەرۆك تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كوردو هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە.
*لەساڵی 2005 تا ساڵی 2014 بۆ دوو خول وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردراوە.
*لە 17-12-2012 لە بەغداد توشی جەڵدەی مێشك بوو، پاشان بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەك بە تەندروستیەكی باشەوە گەڕایەوە شاری سلێمانی.
*لەو كاتەشەوە تا كۆچی دوایی كرد، چەند جارێك بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد و لە رۆژی 3-10-2017 دڵە گەروەكەی لە لێدان و كەوتوو و كۆچی دوایی كرد.
یەكێتی هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلالی راگەیاند
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند.
هاووڵاتیان پرسەی ماتەمیان گێڕا
دواتر لە سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و بادینان و جەلەولا و گەرمیان و خورماتوو رۆژئاوا و خانەقین و كەلار و دهۆك و زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە چەندین شوێنی جیاجیا هاووڵاتیان پرسەی ماتەمیان بۆ سەرۆك مام جەلال گێڕا.هاوكات چەند گەنجێك لە پێنجوێنەوە بەپێ بەڕێكەوتن بۆ بەشداری لە پرسەی مام لە شاری سلێمانی.
عێراق ماتەمینی سەرتاسەری بۆ كۆچی دوایی مام جەلال راگەیاند
حكومەتی عێراقییش بۆ كۆچی دوایی مام جەلال سكرتێری گشتی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق بەرەسمی سێ رۆژ پرسەی لە سەرتاسەری عیراقدا راگەیاند.هیچ سەركردەیەكی كورد هێندەی مام جەلال لەناو میدیاكانی جیهاندا نەناسراوە، هەرئەمەش وایكردووە كە میدیاكانی جیهان، بەگرنگییەوە باس لە ماڵئاواییكردنی مام جەلال بكەن و پانتاییەكی باش بۆ ئەم هەواڵە ناخۆشە تەرخانبكەن.
حكومەتی هەرێم هەفتەیەك ماتەمی راگەیاند و ئاڵا داگیرا
وتەبێژی ئەوكاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی كۆچیی دوایی مام جەلال هەفتەیەك ماتەمی لەسەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم راگەیاند و فەرمانیشكرا لەهەموو وەزارەت و دام و دەزگاكانی هەرێم ئاڵای كورستان و عیراق بۆ ماوەی هەفتەیەك هەتا نیوە دابگیرێت.
تەرمی مام جەلال هێنرایەوە سلێمانی
سەعات 7:00ی بەیانی رۆژی 6-10-2017 لە فڕۆكەخانەی بەرلینەوە تەرمی مام جەلال بە فڕۆكەیەكی تایبەت بەڕێكەوت بۆ سلێمانی، هاوكات سەعات 11:30 ی پێش نیوەڕۆ ئەو فڕۆكە تایبەتەی تەرمی مام جەلالی هەڵگرتبوو گەیشتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەپێی پرۆتۆكۆڵێكی جیهانی و لە مەڕاسیمێكی سەربازیدا و بە وتنەوەی مارشی نیشتمانی عیراق و مارشی نەتەوەیی كورد و تەقاندنی 21 تۆپ و رێڕۆشتنی پاسەوانانی شەرەف بە ئامادەبوونی فوئاد مەعسوم سەرۆككۆماری ئەوساى عیراق و مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ خان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی باڵای حكومەت و پەرلەمانی عیراق و باڵوێزانی وڵاتان و وەفدی باڵای ئێران و وەفدی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان و حزب و لایەنە سیاسیە عیراقی و كوردستانیەكان، لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی مام جەلال كرا.
دوای رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی مام جەلال بەپڕۆتۆكۆڵی سەربازی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی، رێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی مام جەلال بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەكەدا هەریەك لە د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی عیراق و مەسعود بارزانی و محەمەد جەواد زەریف وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی ئێران مەعروف بەخیت نوێنەری شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئوردن و قاسم ئەعرەجی وەزیری ئەوکاتەى ناوخۆی عیراق بەنوێنەرایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتەى عیراق و د.سەلیم جبوری سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان و دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و نوێنەرى یەكێتی ئەوروپا دیگری ئیستیری باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق و یوسف محەمەد و جەعفەر ئیمنیكی و بێگەرد تاڵەبانی بەنوێنەرایەتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و عوسمان بایدەمیر جێگری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەبەپە) و ئەنوەر موسلم سەرۆكی كانتۆنی كۆبانێ و نوێنەری رۆژئاوای كوردستان و نوێنەرانی كونسوڵخانەكانی وڵاتان لە هەولێر و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی ئەوكاتەی هێزەكانی 70، بە نوێنەرایەتی هێزەكانی پێشمەرگە و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و مەلا بەختیار و بنەماڵەی سەرۆك مام جەلال تاجەگوڵینەی رێزلێنانیان لەسەر تەرمی پیرۆزی سەرۆك مام جەلال دانا.
لە پاش دانانی تاجە گوڵینە لەسەر تەرمی پیرۆزی دوای سێ سەعات لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كەژاوەی تەرمی مام جەلال بە ئاپۆڕایەكی جەماوەری گەورە لە هاووڵاتیان و ئامادەبووانی مەراسیمەكە بەشەقامی سالمدا بەرەو مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەڕێكرا .
دوای گەیشتنی بەئامادەبوونی دەیان هەزار كەس، لە مزگەوتی گەورە نوێژی مردووی لەسەر ئەنجامدرا و پاشانیش بەرە و دوامەنزڵی خۆی لە دەباشان بەڕێكرا.
دواتر لەنێو شیوەن و ئاپۆرای جەماوەریدا و بەبەشداری سەدان هەزار كەس و بەرپرس و كەسایەتی نێوخۆیی و بییانی تەرمی پیرۆزی گەیەندرایە گردی دەباشان و لە دوامەنزڵی خۆی و لە بەرزترین شوێنی شاردا بەخاك سپێردرا.
لە سایتی فەرمی یەکێتیی نیشتمانی وەرگیراوە..
|