ئایا دی یۆنگ بۆ کلاسیکۆ دەگەڕێتەوە؟
3 کاتژمێر پێش ئێستا
69 جار خوێنراوەتەوە
فرێنکی دی یۆنگ نزیکە لە گەڕانەوە بۆ مەشقە بەکۆمەڵەکانی بارسێلۆنا و چاوەڕوان دەکرێت لە 5ـی تشرینی یەکەم دەست بە کارکردن لەگەڵ ئەو یاریزانانە بکات کە بەشداری لە هەفتەی فیفادا ناکەن، پێش ئەوەی لە 8ـی تشرینی یەکەم پەیوەندی بە پێکهاتەکەوە بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خشتە پڕ و جەنجاڵەی لە چاوەڕوانی پێکهاتەی بارسێلۆنا و هانزی فلیکدایە، دی یۆنگ پێویستی بە وەرگرتنەوەی ریتمە رکابەرییەکەی دەبێت و هێزی جەستەیی پێویستە بنیات بنێتەوە پێش ئەوەی راهێنەر گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ یارییەکانی یانەکە.
یاریزانە هۆڵەندییە تەمەن 29 ساڵەکە دەچێتە قۆناخی کۆتایی پلانی چارەسەری بۆ دڕانی بەستەری لە ئەژنۆی راستیدا، کە لە کاتی مۆندیالدا تووشی بووە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ مەشق و راهێنانەکان لەگەڵ هاوڕێکانی لە ماوەی هەفتەیەکدا بەو مانایە نییە کە گەڕانەوە بۆ یارییەکان نزیکە. بەپێچەوانەوە پێدەچێت پێویستی بە دوو بۆ سێ هەفتەی دیکەی ئامادەکاری هەبێت پێش ئەوەی فلیک بە ئامادەی بزانێت، بەمەرجێک هیچ ئازارێکی نەبێت.
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، جگە لەوەش، زۆریی یارییە گرنگەکانی بارسێلۆنا بەدوای یەکدا، بوارێکی کەم بۆ دی یۆنگ دەهێڵێتەوە کە لەگەڵ هاوڕێکانی بەچڕییەکی بەرز بۆ ماوەیەکی درێژ راهێنان بکات، ئەمەش هۆکارێکە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کاتی گەڕانەوەی هەبێت.
سەبارەت بە ئیل کلاسیکۆ
شتێکی لۆژیکییە دی یۆنگ بەردەوام بێت لە راهێنانەکانی تاکەکەسی لە بارسێلۆنا پێش ئەوەی پەیوەندی بە هاوڕێکانییەوە بکات لە رۆژی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەم، دوای گەڕانەوەی تیپەکە لە یارییەکەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر گاڵاتاسەرای لە ئیستەنبوڵ.
بەپێی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، بارسا بڕیارە رۆژی یەکشەممە 25ـی ئۆکتۆبەر یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزە بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجام بدات، ستافی راهێنەرایەتی یانە کەتەلۆنییەکە بەشداریکردنی دی یۆنگ لە یارییەکەی بەرامبەر لۆس بلانکۆس بەدووری دەزانن. لەکاتێکدا لەوانەیە لە لیستی پێکهاتەکاندا بێت، بەڵام بەشداریکردنی راستەقینەی تاوەکو ئێستا نادیارە، مەگەر پێکانێکی یاریزانێکی دیکە راهێنەرەکە ناچار بکات پەیوەندی پێوە بکات.
پێدەچێت یارییەکەی بەرامبەر ئالاڤێش لە یەکەم رۆژی مانگی 11 ئامانجێکی واقیعیتر بێت بۆ گەڕانەوەی دی یۆنگ بۆ یاریکردن، کە هەفتەیەکی تەواو لەنێوان ئەو یارییە و یارییەکەی ریال مەدریددا هەیە، هیچ یارییەکی دیکە لە نێوانیاندا نییە؛ ئەمەش رێگە بە یاریزانە هۆڵەندییەکە دەدات رۆژانە لەگەڵ هاوڕێکانی راهێنان بکات بەبێ ئەوەی گەشتکردن یان کۆبوونەوەکانی چاکبوونەوە هەبن.
|