ئەمڕۆ جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  162 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
 
میدیای پارتی بڵاویکردەوە کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری هەولێر دەکرێت و تێیدا تاوتوێی پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زیاتر دانوستاندنە لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
 
یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی وتی: "ئەمە دووجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد، بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی".
 
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە