ئاوات شێخ جەناب پشتیوانی خۆی بۆ خزمەتی سلێمانی دووپات کردەوە
   
    
    
        
       2025-03-17
         370 جار خوێنراوەتەوە
     
    
   
                
    
           ئاوات شێخ جەناب پشتیوانی خۆی بۆ خزمەتی زیاتری پارێزگای سلێمانی دووپات کردەوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی و کارئاسانی لەلایەن فەرمانگەکانی وەزارەتەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵە و ئیش و کاری هاووڵاتیان کردەوە و ڕایگەیاند لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی هەموو هاوکاریەکین بۆ خزمەتی زیاتری پارێزگای سلێمانی. 
 
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی: 
 
ڕۆژی دووشەممە ( ٢٠٢٥/٣/١٧ ) بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەلایەن بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیەوە پێشوازی لێکرا.                          
 
لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشە و گرفتە داراییەکانی پارێزگای سلێمانی کرا و بەڕێز ئاوات شێخ جەناب پشتیوانی خۆی بۆ خزمەتکردنی زیاتری پارێزگای سلێمانی و دام و دەزگاکانی دووپات کردەوە، لای خۆشیەوە پارێزگاری سلێمانی سوپاسی وەزیری دارایی کرد کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو خەمخۆری جددی بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان هەرچی لەدەستیان هاتبێت بۆ خزمەتی ئەو دەڤەرە درێغییان نەکردووە.                                  
 
هاوکات هەر لە پارێزگای سلێمانی بەسەرپەرشتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و شاهۆ عوسمان و ئەحمەد علی جێگرانی پارێزگار و دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و ئاسۆ قادر بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری سلێمانی، کۆبوونەوەیەک لەسەر هەماهەنگی نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی و وەزارەتی دارایی لەسەر پرسی بەکرێدانی ئەو زەویانەی کە موڵکی وەزارەتی دارایین بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز وەزیری دارایی جەختی لەسەر هەماهەنگی و کارئاسانی لەلایەن فەرمانگەکانی وەزارەتەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵە و ئیش و کاری هاووڵاتیان کردەوە و ڕایگەیاند لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی هەموو هاوکاریەکین بۆ خزمەتی زیاتری پارێزگای سلێمانی. 
    
							
							
							
   
    
 
              
              					
              |