کتێبی “سینەما و جینۆساید” و “پەڵە هەوری مەرگ” بڵاوكرانەوە
2025-03-17
168 جار خوێنراوەتەوە
لە ٣٧ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، هەردوو پەرتووکی “سینەما و جینۆساید” و “پەڵە هەوری مەرگ” بڵاوكرایەوە، ناوەڕۆكی پەرتووکەکان، باس لە گرنگی و گەورەیی سینەما دەكات بۆ پیشاندانی کۆمەڵکوژی و تاوانەكانی سەر گەلی کورد، بەتایبەتی تاوانی کیمیابارانکردن.
لە چوارچێوەی ٣٧ـەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، ئەمشەو لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە، خوێندنەوە بۆ هەردوو پەرتووکی “سینەما و جینۆساید” و “پەڵە هەوری مەرگ” كرا و بڵاوکرانەوە.
كەریم غەفور نووسەری پەرتووکی سینەما و جینۆساید لەبارەی پەرتووکەکەیەوە وتی: سینەما هونەرێكی گەورەیە، توانایی ئەوەی هەیە هەموو چركە ساتەكانی ناو مێژوی نەتەوەكەمان بە فۆڕمێكی جوان بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەك بتوانێت پەیوەندییەكی جوان لەگەڵ دەرەوەی خۆمان ببەستین، هەروەها لەو ڕێگەیەوە جارێكی دیكە بتوانین هەموو ئەو تراژیدیایە هەمانە بیكەینە ئامرازێك، بۆ ئەوەی گەلەكەمان تراژیدیای وادووبارە نەبێتەوە بەسەریدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: هونەری سینەمان گەورەیە ئەگەر پاڵپشتی بكرێت پلانی بۆ دابڕێژرێت، بۆ ئاریشەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردی، سینەما لە زۆربەی وڵاتان كراوە بە چەكێكی كاریگەر، بۆ پیشاندانی دنیابینی و ئەجێندا و ستراتیژی سیاسیی خۆیان، بەجۆرێك كاری لەسەر دەكەن لەناوخۆشدا ئەركی چاكسازی كۆمەڵایەتی بگرێتە ئەستۆ.
هەر لە مەڕاسیمەكەدا خوێندنەوە بۆ پەرتووکی پەڵە هەوری مەرگ كرا و باس لەوە کرا، پەرتووکەكە خوێندنەوەیەكی نوێیە لە ڕوانگەی فیقهی ئیسلامییەوە لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، هەروەها ناوەڕۆكەی باس لەوە دەكات بەكارهێنانی ئەو چەكە کیمیاییەی لەسەر هەڵەبجە بەکارهێنرا بە هەموو جۆرێك لە ئاینی ئیسلامدا حەرامە و ڕێگە پێدراو نییە تاقیكردنەوەی لەسەر مرۆڤەكان.
|