فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق 9 ملیار دینار قەرزارە، دەستەی دەستپاکیی لێکۆڵێنەوە دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
یونس مەحموود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنەکە لە ژێر سەرپەرشتی عەدنان درجالی سەرۆکی پێشوویدا کەوتووەتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە و پێنج دۆسێی جیاواز لەسەر ئەو سەرۆکەی پێشوو، دەدەنە دەستەی دەستپاکیی عێراق.
مەحموود ئاشکرایکردووە، کاتێک سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی وەرگرتووە، شۆک بووە کە زانیویەتی فیدراسیۆنەکە بڕی 9 ملیار دیناری عێراقی (نزیکەی 6.87 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) قەرزدارە.
یونسی 43 ساڵان کە لە دوایین هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا، سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنەکەی بەدەستهێنا، لە ئیڤێنتێکدا لە بەغدا قسەی کردووە و دەڵێ، "قەبارەی قەرزەکانی فیدراسیۆنەکە شۆکهێنەر بوو، گەیشتووەتە نزیکەی 9 ملیار دیناری عێراقی، ئەگەرچی من پێشتر جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بووم، بەڵام قەرزەکان بوونەتە هۆکاری دەستگرتنی فیدراسیۆنەکە لە جووڵەکردن لە چەندین دۆسێی جیاوازدا".
یونس دەڵێ، "لەسەردەمی کارگێڕیی پێشوودا، زۆر بڕە پارەی جیاواز بەشێوەی نادروست خەرجکراون".
ئاشکراشیکردووە، ئەوان دۆسێیەکیان لە دژی عەدنان درجال داوەتە دەستەی دەستپاکیی عێراق و دووپاتیکردووەتەوە، "چوار دۆسێی دیکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ هەمان دەستە بەرز دەکەنەوە".
یونس مەحموود دەڵێ، "من روونم لە بابەتی پارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێدا و هیچ شتێکم نییە بیشارمەوە یان لێی بترسم، پێویستم بەپارەی فیدراسیۆنەکەش نییە و لە ماوەی جێگرایەتیشمدا، من پارەم بە فیدراسیۆنەکە دەدا و هیچ جۆرە پارەیەکم بۆ نیشتەجێبوون و هیچ شتێکی دیکە وەرنەدەگرت".
یونس ئەوەشی ڕاگەیاندووە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنەکەدا دانوستاندنیان لەگەڵ خاوەن قەرزەکانی سەر فیدراسیۆنەکە کردووە، بۆ ئەوەی خشتەبەندی دانەوەی قەرزەکان بکەن و کاتی دانەوەیان دەستنیشان بکەن.
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی نێوان فیدراسیۆنەکە و لالیگاش، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێ، "بڕیاری نوێنەکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەمان لەگەڵ لالیگادا، پاشئەوەی سێ ساڵ کاری پێکرا، ئەوەش لەبەرئەوەی هیچ ئەنجامێکی بەرچاومان لێ نەبینی".
یونس دووپاتیکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هیچ سوودێکی لە کارکردن لەگەڵ لالیگا وەرنەگرتووە.
|