"زیاتر لە 34 ملیار دینارمان تەنها لە یەک زەویدا گێرایەوە بۆ دەوڵەت"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند ڕێگرییان کردووە لە بەھەدەرانی 34 ملیار و 292 ملیۆن و 160 ھەزار دینار لە سامانی گشتی لە فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنباردا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەداوە "تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار پڕۆسەی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییان لە لقی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت لە پارێزگاکە ئەنجامداوە، سەبارەت بە سەرپێچییەک لە خەمڵاندنی نرخی زەوییەک کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە (136 دۆنمە)".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە نرخی زەوییەکە بە نرخێکی زۆر کەم داندرابوو کە لەگەڵ بەھای ڕاستەقینەیدا ناگونجێت، ھەروەھا چەندین سەرپێچیش لە شێوازی ڕاگەیاندنی فرۆشتنی زەوییەکەدا ھەبووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوە ئەو جیاوازییەی کە لە نرخی زەوییەکەدا ھەبووە و وەک بەھەدەران ھەژمار دەکرێت، بریتییە لە 34 ملیار و 292 ملیۆن و 160 ھەزار دینار.
ئەوەشخراوەتەڕوو داوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە ئەنبار، بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی ڕێکارەکانی فرۆشتنی ئەو زەوییە و بەردەوامبوون لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان، جگە لە ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ بەشی وردبینی دەرەکی و وەرگرتنی وتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ئەنبار.
|