لەمساڵدا بە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار زێڕ و زیو هاوردەی هەولێر کراوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

بەپێی ئامارێکی تایبەت کە کۆمپانیای (داستان گۆڵد ئینتەرناشناڵ) بۆ بازرگانیی زێڕ و زیو بڵاویکردووەتەوە، لە هەشت مانگی رابردوودا لە پارێزگای هەولێر بازرگانی بە نزیکەی 350 کیلۆ زێڕ و زیوەوە کراوە.

بەپێی ئامارەکە کە ڕووداو بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای کانوونی دووەم تا 20ـی ئابی ئەم ساڵ، نزیکەی 172,500 کیلۆگرام زێڕ و زیو بایی نزیکەی 885 ملیۆن دۆلار هاوردە و هەناردە کراوە، کە بەشی زۆری هاوردە بووە.

لەو ماوەیەدا، بایی 375 ملیۆن دۆلار زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بازرگانی پێوەکراوە. لەم بڕە، 285 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوردەکردن و 90 ملیۆن دۆلاری بۆ هەناردەکردن بووە.

بەپێی ئاماری کۆمپانیاکە، مانگانە تێکڕا زیاتر لە 312.5 کیلۆگرام زێڕ هاوردە و هەناردە کراوە، کە 237.5 کیلۆگرامی هاوردەکراوە و 75 کیلۆگرامی هەناردەکراوە.

بازرگانیی زیو جیاواز بووە، بە جۆرێک تەنیا هاوردە کراوە وهەناردە نەکراوە. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 5ی ئاب، نزیکەی 170 هەزار کیلۆگرام زیو بایی 510 ملیۆن دۆلار لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردە کراوە.

ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، مانگانە تێکڕا زیاتر لە 24 هەزار کیلۆگرام زیو هێنراوە و هیچ بڕێکی لێی هەناردە نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکە، تێکڕای نرخی کڕینی کیلۆیەک زێڕ بە 150 هەزار دۆلار و کیلۆیەک زیو بە 3 هەزار دۆلار بووە.

لە ماوەی هەشت مانگدا نزیکەی 172،500 کیلۆ زێڕ و زیو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاوردە و هەناردە کراوە. نرخەکەش بەم شێوەیە بووە:

نرخی زێڕە هاوردەکراوەکە نزیکەی 285 ملیۆن دۆلارە
نرخی زیوە هاوردەکراوەکە نزیکەی 510 ملیۆن دۆلار


   ئەمانەش بخوێنەرەوە