خواردنی تەماتە کاریگەری لە چەوریی جگەر چییە؟

53   خولەک پێش ئێستا  10 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، خواردنی تەماتە بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی چەوریی جگەر.

پەیمانگەی نیشتمانیی نەخۆشییەکانی گەدە و ڕێخۆڵە لە ئیتاڵیا، توێژینەوەیەکی لەسەر 79 کەسی تووشبوو بە چەوریی جگەر ئەنجامداوە و بۆ دوو کۆمەڵە دابەشی کردوون؛ کۆمەڵەی یەکەم ڕۆژانە 200 گرام تەماتەی خاویان خواردووە، بەڵام کۆمەڵەی دووەم خۆیان لە خواردنی بەدوور گرتووە. دوای شەش هەفتە دەرکەوتووە ئەوانەی تەماتەیان خواردووە ڕێژەی چەوریی جگەریان 11% کەمی کردووە، بەراورد بە 6% لە کۆمەڵەی دووەم کە تەماتەیان نەخواردووە.

توێژەرانی پەیمانگەکە ڕوونی دەکەنەوە تەماتە ماددەی دژەهەوکردنی تێدایە کە هاوکارە لە کەمکردنەوەی چەوری، هەرچەندە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر باشترکردنی ڕەقبوونی جگەر یان ئاستی شەکر و کۆلیسترۆڵ لە خوێندا نییە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە و پاراستنی تەندروستیی جەستە، پسپۆڕانی تەندروستی ئامۆژگاریی تووشبووان دەکەن کە ڕۆژانە و بە شێوەیەکی بەردەوام تەماتە بخەنە نێو ژەمە خۆراکییەکانیانەوە.

نەخۆشیی چەوریی جگەر یەکێکە لە کێشە تەندروستییە باوەکان کە زۆرجار بەستراوەتەوە بە قەڵەوی و شەکرەی جۆری دووەمەوە، بۆیە گۆڕینی شێوازی خۆراک و سرووشتی ژیان دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی.

لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان، نەخۆشیی چەوریی جگەر تووشی سێیەکی کەسانی پێگەیشتوو دەبێتەوە و بەردەوام ژمارەی تووشبووان لە زیادبووندایە، بۆیە زانایان بەردەوام بەدوای چارەسەری خۆراکیدا دەگەڕێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە