پارەکە گەیشت و بە زوویی دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ 17ی 8ی 2026، تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم و دوای تەواوكردنی رێكارەكان، راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوەو لەنزیكترین كاتدا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (830,782,000,000) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەك تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بە رەسمی خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق.
راشیگەیاند: هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە كۆی گشتیی تەموویلی مووچەكە بڕیوە (كەمكردووەتەوە).
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەك هەزار دینار نەنێردراوە، كە تایبەتە بە پڕكردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ئەوەشی راگەیاند: دوای تەواوكردنی رێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوەو لە نزیكترین كاتدا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز دەكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22 ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرد.
|