لە هەورامان فێستیڤاڵی کولتووری و بەرووبوومە خۆماڵییەکان دەستیپێکرد

2   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی فێستیڤاڵی کولتووری و بەرووبوومە خۆماڵییەکان ئەحمەدئاوا لە سنووری هەڵەبجە دەستیپێکرد. گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، "فێستیڤاڵەکە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕاکێشانی گەشتیاری زیار بۆ ناوچەکە".

فێستیڤاڵەکە لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و بەدیارکراوی لە "بنی پەڵگ" دەکرێت، تێیدا بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە لە هەنجیر، ترێ، گوێز، هەنجیری وشککراوە، کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان لەناو 100 کەپردا بۆ سەردانیکەران دەخرێتەڕوو.

هەورامان جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە ٧ڕۆژی وت، ئامانجی سەرەکیی  فێستیڤاڵەکە ساغکردنەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵیی جووتیاران و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانە.

لەبارەی گۆڕینی ناوی فێستیڤاڵەکە لە فێستیڤاڵی هەنجیرەوە بۆ فێستڤاڵی کولتوور و بەرووبوومە خۆماڵییەکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە وتی، لەبەرئەوەی هێشتا بەتەواوی هەنجیر پێنەگەیشتووە و بەهۆی خراپی کەشوهەوای ئەمساڵ بۆ هەنجیر، ڕێژەی بەرووبوومەکە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو کەمە لەبەرئەوە نەتوانرا فێستڤاڵەکە تایبەت بکرێت بە هەنجیر.

فه‌ره‌یدون عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیەی خورماڵ بە ٧ڕۆژی راگەیاند: ئیداره‌ى ناوچه‌كان هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان خزمه‌تى باش پێشكه‌شى هاووڵاتییان بكه‌ین، ئێمه‌ش وه‌ك ئیداره‌ى خورماڵ له‌گه‌ڵ چالاكوانانى ناوچه‌كه‌مان، پێمان باشبوو ئه‌م فێستیڤاڵه‌ بۆ ڕێكخستنى به‌روبوومى خۆماڵى سنووره‌كه‌مان ڕێكبخه‌ین، ئه‌وانه‌شى خاوه‌نكارن به‌روبوومه‌كانى خۆیانى تێدا ساغبكه‌نه‌وه‌.

یەکەمین فێستیڤاڵی هەنجیر، بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵ بەڕێوەدەچێت، لە سێ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ڕۆژانە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بۆ 10:00ـی شەو کراوە دەبێت و پێشوازی لەسەردانیکەران و گەشتیاران دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە