رێککەوتنی ئەسیکۆداى هەولێر و بەغدا چاوەڕێی رەزامەندی زەیدییە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  249 جار خوێنراوەتەوە

رێککەوتنی ئەسیکۆدای نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە دوو پێشنیازەوە لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی گومرگ، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و چاوەڕێی رەزامەندیی عەلی فالح زەیدییە؛ بە وتەی ئەندامێکی لیژنەی دەروازە سنوورییەکانی پەرلەمانی عێراق، لێخۆشبوونی گومرگی و جۆری کاڵای هاوردەکراو و گومرگی پێشوەختە هێشتا جێگەی گفتوگۆن.

ڕووداو لە سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتوون، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی ماوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنە، راسپاردەیەک بەرزکراوەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چۆنیەتیی وەرگرتنی گومرگی کاڵای هاوردەکراو لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کە بریتین لەوەی بەغدا 100%ی گومرگ لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە وەربگرێت و نیوەی بدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان، یان نیوەی وەربگرێت و نیوەکەی دیکەی لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێت."

لە 18ی حوزەیرانی 2026، شاندی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: بەغدا داوا دەکات پارەی گومرگی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی بە ناوی هەردوولاوە و نیوەی پارەی گومرگەکە دابەش بکرێت.

لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا رێگە دەدات بە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ سیستمەکە و یەکخستنی پێناسی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی هەردوولا هەروەها لیژنەی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان کە دانیان پێدا نەنراوە.

سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، ئەوەی کە هێشتا جێگەی گفتوگۆیە لە نێوان هەردوولا، سێ خاڵی سەرەکییە؛ یەکەمیان ئەوەی کە لێخۆشبوونی گومرگی بە هاوشێوەی عێراق ئەو کاڵایانە بگرێتەوە کە بۆ دامەزراوە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن.

 دووەمیان ئەوەیە رێگە بدرێت لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە بازرگانان هەموو جۆرە کاڵایەک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن، کە ئێستا تەنیا دەرمان و خۆراک رێگەی پێدراوە؛ سێیەمیان پەیوەندیدارە بە گومرگی پێشوەختەوە، کە ئایا هەموو پارەی کاڵای هاوردەکراو لە رێگەی ئەسیکۆداوە بدرێت یان لە دوای گەیشتنی بارەکە راست بکرێتەوە.

بەگوێرەی ڕێکاری گومرگی پێشوەختە کە ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە کاری پێدەکات، پێویستە هاوردەکاران پێشوەختە لە رێگەی سیستمەکەوە گومرگی ئەو کاڵایانە بدەن کە هاوردەی دەکەن، تاوەکو بتوانن لە دۆلاری بانکی ناوەندی سوودمەند بن، کە بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ پێیان دەفرۆشرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە