مەسعود بارزانی داوای یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  160 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک کۆبووەوە و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی شارەکەی دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، مەسعقود بارزانی لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچەکە و پارێزگاکە تاوتوێ کرا.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، مەسعود بارزانی پێداگریی لەسەر پاراستنی ئارامی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی کەرکووک کردووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی تیشکی خستە سەر قووڵکردنەوەی برایەتی و پێویستیی یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی.

هاوکات پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەییی عێراق دووپات کرایەوە، کە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و وەک ڕێگەچارەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان سەیر دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە