هاوکێشەکەی رۆدری گۆڕا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
دانوستاندنەکانی نێوان یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و رۆدری، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، لە چەند کاژێری رابردوودا چووەتە قۆناخێکی ئاڵۆزەوە. لەکاتێکدا ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی گرێبەستەکە دروستبووە، بارسێلۆناش دەستی بە جوڵە کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی وەرزەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ئاماژەیان بە کشانەوەی بارسێلۆنا لە کێبڕکێکە دەکرد، ئەمەش رێگەی بۆ ریال مەدرید خۆش کردبوو ببێتە بەربژێری یەکەم بۆ گواستنەوەی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2026.
بەگوێرەی تۆڕی فوت مێرکاتۆ کە لە رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانییەوە گواستوویەتییەوە، گواستنەوەی رۆدری بۆ ریال مەدرید رووبەڕووی مەترسی وەستان بووەتەوە. یاریزانە ئیسپانییەکە تێبینی لەسەر ئەو دەستەوارەیە هەیە کە یانە شاهانەکە پێشکەشی کردووە، هەرچەندە پێشتر رەزامەندی سەرەتایی نیشاندابوو بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ ماوەی چوار وەرز.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دانوستاندنەکان گرژییەکی زۆریان تێکەوتووە و تەواوبوونی گرێبەستەکە گەرەنتی نییە؛ چونکە رۆدری سوورە لەسەر بەدەستهێنانی مەرجی دارایی باشتر و نایەوێت بە هەر نرخێک بێت بگەڕێتەوە خولی ئیسپانی.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ریال مەدرید لەهەمانکاتدا خەریکی کۆتاییهێنانە بە رێکارەکانی گواستنەوەی یان دیۆماندێی بەرگریکاری کۆتدیڤواری. سەرچاوەکان دەڵێن فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لەسەرەتادا بەهۆی تەمەنی رۆدری و مێژووی پێکانەکانی دوودڵ بووە، بەڵام ئاستە بەرزەکەی لە مۆندیالی 2026 وایکردووە یانەکە بڕیاری خۆی بگۆڕێت.
لەلایەکی دیکەوە، بارسێلۆنا دووبارە دۆسێیەی گواستنەوەی رۆدری کردووەتەوە. بێن جەیکوبس، رۆژنامەنووسی وەرزشی ئاشکرای کردووە کە یانە کەتەلۆنییەکە دەستی بە گفتوگۆکان کردووە و ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەیەکی فەرمی، چونکە رۆدری بۆ بارسێلۆناش بژاردەیەکی دڵخوازە و دەیەوێت بەهۆی هۆکاری وەرزشی و خێزانی بگەڕێتەوە ئیسپانیا.
سەبارەت بە هەڵوێستی مانچێستەر سیتی، یانە ئینگلیزییەکە بەئاسانی دەستبەرداری ئەستێرەکەی نابێت و داوای بڕی 75 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لەکاتێکدا ریال مەدرید نایەوێت لە سنووری 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕێت، ئەم جیاوازییە گەورەیەی نرخیش بووەتە کۆسپێکی دیکە لەبەردەم یەکلاکردنەوەی گەورەترین گرێبەستی هاوینە.
|