فیفا: پڕۆژەی FFE بەتەواوی هەڵوەشێندرایەوە و داوایلێبوردن دەکەین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) لە کۆبوونەوەیەک لە شاری رەباتی پایتەختی مەغریب، بە سەرۆکایەتی جیانی ئینفانتینۆ، سکرتێری گشتی ماتیو گرافسترۆم و ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی فیفا، دۆخی پڕۆژەی FIFA Forward Enterprise  و دەرئەنجامەکانی تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیێنراوی فیفا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پشتگیری تەواوی نێوان سەرۆک، سکرتێری گشتی و بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکە کرایەوە. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە پڕۆژەی FFE، کە پێشتر راکێشرابوو، ئێستا بەفەرمی و بەتەواوی هەڵوەشێندرایەوە.

فیفا دانی بەوەدا نا کە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژەیە و گواستنەوەی زانیارییەکانی بۆ راگەیاندنەکان هەڵە روویداوە، بۆیە داوای لێبوردنی فەرمی لە یەکێتییە ئەندامەکان و ئەنجوومەنی فیفا کرد و بەڵێنی دا کە ئەم جۆرە هەڵانە دووبارە روونادەن.

لە هەمانکاتدا، فیفا پشتڕاستی کردەوە کە هەموو هەنگاوەکانی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ڕێکخراوەکەدا بوون، و ئاگاداری دا کە هەر هێرشێک بۆسەر پاکی، بێلایەنی و ناوبانگی فیفا بەبێ وەڵام ناهێڵرێتەوە و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بۆ پاراستنیان دەگیرێنەبەر.

هەروەها فیفا رایگەیاند کە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ زیادکردنی پشتگیری بەرنامەی FIFA Forward، بەمەبەستی پەرەپێدانی تۆپی پێ و پشتگیری لە 211 یەکێتیی ئەندامی فیفا، یەکێتییە کیشوەرییەکان و یەکێتییە هەرێمییەکان.

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی فیفا پەسن و سوپاسی هەوڵەکانی کارمەندان و بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکەی کرد بۆ سەرکەوتووانە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی جامی جیهانی 2026، و جەختی کردەوە کە ئەو سەرکەوتنە بەهۆی کارکردنی هاوبەش و یەکدەنگی هەموو لایەنەکان هاتووەتەدی.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە