هەژماركردنی سەدان كەس بە شەهید لە عێراق هەڵدەوشێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
451 جار خوێنراوەتەوە
دادگای فیدراڵی بە پاساوی پێچەوانەبوونی چەند ماددەیەكی دەستووریی، بڕگەیەكی یاسای شەهیدانی هەڵوەشاندەوە و بەوەش هەژماركردنی سەدان كەس بە شەهید هەڵدەوشێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا، بڕگەیەكی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2016ـی دامەزراوەی شەهیدان بە پاساوی نادەستوری بوون هەڵبوەشێنێتەوە، بەوەش ئەو كەسانەی بەهۆی پڕۆسە جەنگییەكان و هەڵمەتە سەربازییەكان و هێرشە تیرۆریستییەكانەوە بە شەهید هەژمار كرابوون، بڕیارەكەیان هەڵدەوەشێتەوە.
دادگاكە لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕگەیە پێچەوانەی هەردوو مادەی 47 و 80ـی دەستوری عیراقە كە تایبەتن بە جیاكردنەوەی ئەركی دەسەڵاتەكان لە وڵاتەكە، هەروەها دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.
بڕیارەكە دوای ئەوەش دێت، دامەزراوەی شەهیدانی عیراق سكاڵایەكی لەسەر بڕگەیەكی هەمواركراوی یاسای دامەزراوەكە تۆمار كردبوو و داوای كردبوو ئەوكەسانە بە شەهید هەژمار نەكرێن كە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا یان هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی كوژراون.
|