عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە نێو لیستی بەکارهێنەرانی ستارلینکەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە فەرمی عێراق و هەرێمی کوردستانی خستە نێو وڵاتانی بەکارهێنەری خزمەتگوزاری ئەنتەرنێتی ستارلینک. بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوو کۆمپانیای گەورە داواکاری وەرگرتنی بریکارنامەیان پێشکەش کردووە و پێشبینی دەکرێ لە ماوەی مانگێکدا رێگەپێدان وەربگرن.
د. جەمال ئەحمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە سەر نەخشەی کۆمپانیای سپەیس ئێکس. ئێستا لەنێو وڵاتانی بەکارهێنەری ئەنتەرنێتی ستارلینکدان".
د. جەمال ئەحمەد بەرزنجی وتیشی، لە هەرێمی کوردستان دوو کۆمپانیای گەورەی خاوەن مۆڵەت داواکاری فەرمییان بۆ وەرگرتنی بریکارنامەی ستارلینک پێشکەش بە وەزارەت کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرۆسە یاساییەکان بە شێوەی ئاسایی بڕۆن، پێشبینی دەکرێ لە ماوەی مانگێکدا رەزامەندی کۆتایی وەربگرن و خزمەتگوزاری ستارلینک بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.
بەپێی زانیارییەکان، هەرچەندە خزمەتگوزارییەکە هێشتا بە فەرمی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام لە بازاڕی ئازادی هەرێمی کوردستان هەندێک پاکێجی ستارلینک دەفرۆشرێن، 100 گێگابایت بە 30 دۆلار، 300 گێگابایت بە 80 دۆلار و پاکێجی بێ سنوور بە 175 دۆلار.
حکومەتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ مۆڵەتی کارکردنی ستارلینکی پەسند کرد. دوای ئەوەش، لە سەرەتای مانگی تەمموز، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس تەواو بووە.
بەڵام تا ئێستا بریکارەکانی کۆمپانیاکە گرێبەستیان بۆ وەرگرتنی بریکارنامەی فەرمی واژوو نەکردووە و دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە، خزمەتگوزاری ستارلینک بە شێوەی فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
|