خەندەقی تیمساحەکان هەوڵیکی نوێی ئیسرائیل بۆ پاسەوانیکردنی زیندانییەکانی حەماس

1     کاتژمێر پێش ئێستا  47 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی تاقیکاری کردووە بۆ هەڵکەندنی خەندەقی تایبەت بە حەشاردان و ڕاگرتنی “تیمساحی نیل” لە دەوروبەری بەشێکی زۆر توندی پاسەوانیکراو لە زیندانی (کتسێعۆت) لە باشووری وڵاتەکە.

ئەم هەنگاوە ناکۆکی و دەمەقاڵێی قووڵی یاسایی و ژینگەیی لێکەوتووەتەوە، سەرڕای ئەوەی حکومەت بودجەی ٢١ ملیۆن شیکل، (نزیکەی ٦.٣ ملیۆن دۆلار)ی بۆ تەرخانکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)، کارەکانی هەڵکەندنی خەندەقەکە کە درێژییەکەی نزیکەی ١٧٠ مەتر دەبێت دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە دوای ئەوە هات کە وەزیری ژینگەی ئیسرائیل، سەرەڕای دژایەتی توندی یاسایی و شارەزایانی ژینگە، تیمساحی نیلی وەک “ئاژەڵی کێویی ماڵییکراو بۆ مەبەستی ئەمنی” پۆلێنکرد تاوەکو ڕێگەی یاسایی بۆ پڕۆژەکە بکاتەوە.

نوسینگەی ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە؛ کە پڕۆژەی “زیندانی تیمساحەکان” بە ڕەسمی دەستیپێکردووە و مەشق بە پاسەوانانی زیندانەکە کراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا.

ئامانج لەم خەندەقە سووککردنی ئەرکی پاسەوانیکردنی ئەو زیندانییانەی حەماسە کە تۆمەتبارن بە بەشداری لە هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمدا.

لە بەرامبەردا، دەستەی سروشت و پاركەکانی ئیسرائیل و شارەزایانی یاسایی توندترین دژایەتییان بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە هیچ بنەمایەکی زانستی و یاسایی بۆ بەکارهێنانی تیمساح لە پاسەوانیکردنی زیندانەکاندا نییە، هەروەها جەختیان کردووەتەوە “ئەرکی ئێمە پاراستنی ئاژەڵەکانە، نەک ئاژەڵەکان پاسەوانیمان بکەن” و جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسا هەیە لە پەرلەماندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە