هێمن هەورامی: چیدی بیانووگرتن بۆ کارانەکردنی پەرلەمان پاساو هەڵناگرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
هێمن هەورامی ڕایدەگەیەنێت، پاش تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسی، ئیتر بیانووگرتن و خۆدزینەوەی هەندێک لایەن بۆ کارانەکردنی پەرلەمان پاساو هەڵناگرێت.
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای 20 مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەیان کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ یەکێتی و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لە 18ـی 5ـی 2025، پرسی شەراکەت، سازان و بەڕێوەبردنی هاوبەش بەڕوونی یەکلایی کراوەتەوە.
وتیشی سەرباری چەندین دیداری باڵا و بانگەوازی سەرۆک بارزانی، هێشتا هەندێک لایەن خۆیان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدزنەوە، کە ئەمەش لای گەلی کوردستان جێگەی قبووڵ نییە.
هێمن هەورامی جەخت دەکاتەوە گرنگە سەرجەم ئەو لایەنانەی کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، هەڵوێستێکی ڕاستگۆیانە، ئاشکرا و بێ پێچوپەنایان هەبێت و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، سیاسی و نیشتمانی بگرنە ئەستۆ.
راشیگەیاند ئامانج لەمەش پێکەوە کاراکردنەوەی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دیاریکردنی لیژنەکان، تا ئەم دامەزراوە دەستوورییە دەستبەکار بێت، ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆی بگێڕێت و زەمینە بۆ گفتوگۆ سیاسییەکانی دواتر بڕەخسێنێت.
هێمن هەورامی هۆشداری دەدات و دەڵێت: هەر هێز و لایەنێک خۆی پێ زۆرینەیە بە هەر ڕێککەوتنێکی گوماناویی ناو زیندان، نابێت ترسی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت و لەوە سڵ بکاتەوە پەرلەمان کارا بێت.
|