شاندێکی هەرێم بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت سەردانی بەغدا دەکات
14 کاتژمێر پێش ئێستا
408 جار خوێنراوەتەوە
شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هاوتاکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەردانی بەغدا دەکات.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، بڕیارە شاندێکی وەزارەتەکەمان بچێتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی و وەزیری کاری عێراق کۆببێتەوە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەش داواکردنی هاوتاکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ عێراق.
وەزیری کار ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان ئەوەیە ئەو هاوکارییەی دەدرێتە نۆ ملیۆن خێزانی عێراقی، 205 هەزار خێزانە هەژارەکەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، لەگەڵ پێدانی ئەو چوار پاکێجە خۆراکەی کە ساڵانە دەدرێتە خێزانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. هەروەها داوا کراوە مووچەی زیاتر لە 70 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت بەپێی یاسای 2011 زیاد بکرێت، کە بەوەش کەمترین مووچە دەبێتە 250 هەزار دینار.
لە ڕابردوودا 88 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان بڕی 150 هەزار دیناریان وەک چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرت، بەڵام لە مانگی 9ـی ساڵی 2015ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕدراوە. لە ئێستادا وەزارەتی کار ڕێنمایی بۆ دەستنیشانکردنی خێزانە هەژارەکان ئامادە کردووە و لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەک دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان.
|