"ئێران هەڕەشە لەوڵاتانی دراوسێی دەکات، بێ وەڵام نابین بەرامبەرتان"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی سوپای ئێران وڵاتانی کەنداو بە پاڵپشتی لە ئەمریکا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ''با بزانن کە پێدانی بنکەی سەربازی بە ئەمریکییەکان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان بێ وەڵام نامێنێتەوە.''

محەممەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش) پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و رایگەیاند، ئەوان پاڵپشتی لە هێرشەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.

بەوتەی محەممەد ئەکرەمی نیا، وڵاتانی کەنداو رێگەیان بە سوپای ئەمریکا داوە، لە خاکی ئەوانەوە هێرش بکاتە سەر ئێران و ئەوە بە ''قبووڵنەکراو'' دەزانێت.

گوتەبێژی سوپای ئێران هۆشداری دەدات: ''دراوسێکانی ئێران با بزانن کە پێدانی بنکەی سەربازی بە ئەمریکییەکان و رێگەدان بە هێرشکردنە سەر ئێران لە خاکی ئەوانەوە، بێ وەڵام نامێنێتەوە.''

محەممەد ئەکرەمی نیا وڵاتانی کەنداو تۆمەتبار دەکات کە دژی ئێران چەک لە ئەمریکا دەکڕن و بەشێک لە خاکەکەکانیان بۆ بنکەکانی سەربازیی ئەمریکا تەرخان کردووە، ''ئەوەش نابێتە هۆی دروستکردنی ئاسایش بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ئەو ئاسایشەی لە ئەمریکاوە هاوردەی دەکەن، هەمیشەیی نابێت.''

لە بەشێک لە هۆشدارییەکانیدا، وتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بە تەنگەی هورمز کرد و وتی: ''تاوەکو ئەمریکا سیستمی یاسایی ئێران قبووڵ نەکات، رێڕەوە ئاوییەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.''

هەڕەشەکانی محەممەد ئەکرەمی نیا لەکاتێکدان کە نزیکەی هەفتەیەکە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کەناراوەکانی ئێران و بە گوتەی خۆیان هێرشەکان بۆ نەهێشتنی توانای مووشەکی و هێرشبەری ئێرانە بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. 

لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە چەندین قۆناخ هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە