“بەغدا سێ مەرجی بۆ ناردنی مووچەی کوردستان هەیە”
1 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵیت، بەغدا سێ مەرجی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە کە یەکێکیان ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆیە.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ناردنى مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە سێ مەرجی سەرەکی، کە بریتین لە ڕادەستکردنی داهاتى نانەوتى، جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا ڕێککەوتوون، بەڵام تەنیا یەک خاڵی هونەری و یاسایی ماوە کە ئێستا لەبەردەم عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە بۆ بڕیاردان. ئەم خاڵە پەیوەستە بە میکانیزمى وەرگرتنى داهاتەکان و چۆنێتى دابەشکردنیان لەنێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمی کوردستاندا.
جەختی کردەوە جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونى داهاتى نانەوتى، ئەمەش وا دەکات هەرێمى کوردستان ئاسانتر بتوانێت پابەندییە داراییەکانى بەرامبەر بە بەغداد جێبەجێ بکات.
سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەش کرد، سەرەڕاى ئەوەى داهاتى نانەوتى هەرێم کەمیکردووە، بەڵام حکومەتى فیدراڵ هێشتا ڕژدە لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دینارى مانگانە وەک پشکی داهاتی ناوخۆ.
|