دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەولێر بیستران

2   کاتژمێر پێش ئێستا  108 جار خوێنراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر لە ئاسمانی شاری هەولێر دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستران، بەگوێرەی ئەو دیمەنەی هاووڵاتییان ناردوویانە، تەنێک لە ئاسمانی هەولێر بەرپەرچدەدرێتەوە.

سیستەمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر ژمارەیەک هێرشی تێکشکاند، هاوکات ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت کە هێرشەکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوە.

کاتژمێر 08:55 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند دەنگێکی بەهێز لە ئاسمانی شاری هەولێر بیسترا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، دەنگەکان نیشانەی تێکشکاندنی ژمارەیەک درۆن یان مووشەک بوون کە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون.

♦️ بەکەمتر لە نیو کاتژمێر دەنگی هەشت تەقینەوەی بەهێز لە شاری هەولێر بیستراوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئەنجام دراون و ئامانج لێیان پێکانی بارەگای گرووپە ئۆپۆزسیۆنە نەیارەکانی ئێران بووە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان هێرشە درۆنییەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە پووچەڵ کراونەتەوە.

ئەم گرژییە ئەمنییە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی ئاڵۆزییە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و بە تایبەت لەسەر گەرووی هورمز، گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، چەندین پێگەی ئێرانیش لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە