لیندسی گراهام چۆن کۆچی دوایی کرد؟

47   خولەک پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە کۆچی دوایی سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، لیندسی گراهام-یان لە تەمەنی 71 ساڵیدا راگەیاند، ئەوەش دوای توشبونی بە "بارێکی تەندروستیی لەناکاو و کتوپڕ"، هەواڵێک کە شۆکی لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکادا دروستکرد، ناوبراو یه‌كێك بو له‌ سه‌رسه‌خته‌كانی كورد.

لیندسی گراهام لە تەمموزی 1955 لە ویلایەتی کارۆلاینای باشور لەدایکبوە و پیشەکەی لە بواری یاسادا بوە خاڵی دەستپێک بۆ کاروانێکی پیشەیی درێژخایەن، کە تێیدا لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا وەک داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری یاسایی خزمەتی کردوە. 

گراهام بەشداری لە چەندین شه‌ڕی سەربازیدا کردوە، کە دیارترینیان شەڕی دوەمی کەنداو بو لە ساڵی 1991، پێش ئەوەی لە ساڵی 2015دا بە پلەی عەقید لە هێزی یەدەگدا خانەنشین بێت.

گراهام وەک یەکێک لە دیارترین سیناتۆره‌كانی پارتی کۆماریه‌كان پۆلێن دەکرێت، کە کاروانی خۆی لە کۆنگرێس وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 1995دا دەستپێکرد، دواتر لە ساڵی 2003دا وەک نوێنەری ویلایەتەکەی گوازرایەوە بۆ ئەنجومەنی پیران.

لە ماوەی ساڵانی کارکردنی لە ئەنجومەنی پیراندا، لیندسی گراهام وەک کەسایەتییەکی کاریگەر دەرکەوت و سەرۆکایەتی لیژنەی دادی لە ئەنجومەنی پیران لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 گرتە ئەستۆ، بەوەش بوە یەکێک لە بڕیاردەرە سەرەکییەکان لە واشنتن.

لیندسی گراهام، سیناتۆری باڵای ئەمریکی، لە کۆتاییەکانی کانونی دوەمی ئه‌مساڵدا پڕۆژەیاسایەکی بە ناوی "یاسای ڕزگارکردنی کوردان" لە رۆژاڤای کوردستان پێشکەشی کۆنگرێس کرد، گراهام لەگەڵ ڕیچارد بڵومێنتال ئەو پڕۆژەیاسایەیان داڕشت. ئامانجی سەرەکی، دەستەبەرکردنی ئاسایشی هێزە کوردییەکان و پشتگیریکردنی هەمەلایەنەیان بو لە بەرامبەر هەڕەشە ناوچەییەکاندا.

گراهام هەمیشە یەکێک بو لە نەیارانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەو باوەڕی وابو کە هاوپەیمانی لەگەڵ کورد بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و پاراستنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگ و زیندوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە