ئەمریکا رەوانەکردنی دۆلاری کاشی بۆ عێراق دەستپێکردەوە و ملیارێک گەیشتووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
دوای چەند مانگێک لە راگیرانی بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ و رێکارە تووندەکانی واشنتن بۆ رێگری لە گەندەڵی و بەقاچاخبردن، دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گەیشتە بەغدا؛ بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت تاوەکو ئێستا یەک ملیار دۆلار گەیشتووە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەکات.
حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، بە رووداوی راگەیاندووە: "ئەو پارەیەی ئەمریکا بڕیاری ناردنی دابووەوە بۆ عێراق تا ئێستا دوو کاروانی گەیشتووەتە دەستمان، بۆ هەر کاروانێکیش کە پێویستیی عێراقە 500 ملیۆن دۆلار هاتووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاند: "پێشتر بەهۆی جەنگەوە ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە راگیرابوو، جگە لەوەش پرسی سەلامەتیی گەیشتنی پارەکان هەبوو، چونکە گەشتی مرۆڤ و گەشتی پارە جیاوازن؛ گەشتی فڕۆکەوانیی پارە تێچووەکەی زیاترە، بگرە تێچووی کۆمپانیاکان لە کاتی جەنگ زۆر زۆر بوو، بۆیە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی خۆیان رەتیاندەکردەوە پارە بگوازنەوە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و لقی بانکی یەدەگی فیدڕالی لە نیویۆرک لە پەیوەندیی بەردەوام دایە لە بارەی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە گەندەڵی و بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکییەوە هەیە، کە پێشتر بۆ ماوەی چەند مانگێک بوونە هۆی وەستانی ناردنی دراوەکە.
چەندین فاکتەر کاریگەرییان لەسەر ناردن یان نەناردنی دۆلار لە یەدەگی فیدڕالیی ئەمریکاوە بۆ عێراق هەیە، لەوانە: دۆخیی ئەمنی، مامەڵەی دارایی نایاسایی و بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە واشنتن سزای بەسەردا سەپاندوون.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دواکەوتنی گەیشتنی پارەی کاشی دۆلار پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەکە و گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و بەپێی خشتەی کاتی پارەکە دەگات.
|