سیستەمێکی نوێی مووچە لە عێراق جێبەجێدەكرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەی هەموارکردنەوەی خشتەی موچە لە عێراق، کارەکانی گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی و نزیکەی لە 80%ی داتاکانی یەکلایی کردوەتەوە. پڕۆژە نوێیەکە ئامانجی زیادکردنی موچەی بنەڕەتی و ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکانە، لەگەڵ بەکارهێنانی "ژمارەی وەزیفی" بۆ بنبڕکردنی دیاردەی دوو موچەیی.
هەناء ئەسەدی، سەرۆکی لیژنەکە و بریکاری وەزارەتی پلاندانان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لیژنەکە زیاتر لە جارێک کۆبوەتەوە و چەندین پێشنیازی پێشکەش کردوە، کە دیارترینیان زیادکردنی موچەی بنەڕەتییە (الاسمی) لە بەرامبەر کەمکردنەوەی دەرماڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەران، ئەمەش بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ لە بەهای موچەی خانەنشینیدا ڕەنگ دەداتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "سیناریۆیەکی دیکە بریتییە لە پەیوەندیکردن بە هەمو یەکەکانی خەرجی لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ ئەوەی خشتەی موچەکان بە وردەکاریی زیاترەوە بدەنە لێژنەکە"، ڕونیشیکردەوە کە لە 80% ئەم دۆسیەیە یەکلایی بوەتەوە.
سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی خشتەی موچە لە عێراق ڕونیکردەوە، "سیناریۆکان لە کۆبونەوەیەکی نزیکی لێژنەکەدا دەخرێنە ڕو"، جەختیشی کردەوە لەسەر "پێویستی تەواوکردنی پڕۆژەی (ژمارەی وەزیفی) بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی (دو موچەیی)، جگە لە پێویستی هەموارکردنەوەی هەندێک یاسای تایبەت بە خزمەتی زانکۆیی و سەربازی و هی دیكە، بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی لە خشتە نوێیەکەدا".
هاوکات "عەلی عەبدولکازم دەعدوش" توێژەری ئابوری، ڕونیکردەوە، "یەکخستنی خشتەی موچە بە واتای زیادکردنی دارایی بۆ هەموان نایەت، بەڵکو مەبەست لێی نەهێشتنی شێواوییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری وەزیفییە، بە شێوەیەک ئەو فەرمانبەرانەی کارێکی هاوشێوە ئەنجام دەدەن موچەی نزیک لە یەکتریان هەبێت، بە ڕەچاوکردنی بڕوانامە، ئەزمون، سروشتی کار و بەرپرسیارێتی".
ئاماژەی بەوەکرد "چاکسازی دارایی ئەوەیە دادپەروەری بەدیدەهێنێت بەبێ ئەوەی کورتهێنان یان فشاری هەڵاوسان دروست بکات، و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی (دو موچەیی) لە ڕێگەی ژمارەی وەزیفی یەکگرتوەوە، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی چاکسازییەکان".
|