لە لوتکەی خەزێنەی ئەمریکاوە بۆ ئاڕ تی بانک..
1 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
بانکی بازرگانیی هەرێم (RTB) یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی نوێی خۆی دەبەستێت؛ ئەنجوومەنێک کە ژمارەیەک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی جیهانی چاودێریی دارایی تێیدا کۆبوونەتەوە، لەوانە کاربەدەستانی پێشووی خەزێنەی ئەمریکا، ڕێکخراوی FATF و ئاژانسی .OFAC بەم هەنگاوە، RTB دەبێتە یەکەم بانکی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی دەگەیەنێتە ئاستە نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوێک کە متمانەی بانکیی لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت.
ئەنجوومەنەکە لە لایەن مارشاڵ بیلینگزلیا، یاریدەدەری پێشووی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی FATF، سەرۆکایەتی دەکرێت.
FATF دامەزراوەیەکی جیهانییە کە ستانداردەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتی تیرۆر دادەنێت، هەروەها چەندین ناوی دیاری دیکە بەشێکن لە تیمەکە، وەک گریگۆری گاتجانیس، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری ئاژانسی OFAC؛ ئیلزی زنۆتینا، سەرۆکی پێشووی یەکەی هەواڵگری داراییی لاتیڤیا و ڕاوێژکاری IMF و کۆمیسیۆنی ئەورووپا؛ هەروەها دکتۆر خۆرخی جێمینێز، پسپۆڕی سیستەمی پارەدانی فیدراڵی ئەمریکا.
لە ئەنجوومەنەکەدا، هاشم هەمەندی، باسل کیوان، عەدنان کیفایەت و ڕائید حجازی، ئەندامن تێیدا، لەهەمانکاتدا، لە ڕووی کارگێڕییەوە، یڵماز ئۆگور ئای وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕۆژانە دەگرێتە ئەستۆ، کە زیاتر لە بیست ساڵ ئەزموونی لە بازاڕە داراییەکانی عێراق و تورکیادا هەیە.
بوونی ئەم تیمە بەهێزە لە پسپۆڕانی خەزێنەی ئەمریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، دەبنە هۆکارێک بۆ کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بە ڕووی کەرتی بانکیی عێراق و ڕزگارکردنی لەو گۆشەگیرییە داراییەی کە ساڵانێکە بەرۆکی گرتووە.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە دەتوانێت تەواوی هاوکێشە ئابوورییەکانی عێراق بگۆڕێت. یەکەم، بەهێزکردنی خودی بانکەکە. RTB سیستەمی چاودێری ناوخۆیی، بەڕێوەبردنی مەترسی و ژێرخانی داراییی خۆی دەگەیەنێتە ئاستی بانکە نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک کە پارێزراوبێت لە مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارە و پابەند بێت بە ستانداردە جیهانییەکان.
دووەم، واڵاکردنی دەرگایەک بۆ سیستەمی داراییی جیهانی. گەیشتن بەم ئاستە لە متمانە ڕێگە بۆ پەیوەندیی بانکیی هاوتا (Correspondent Banking) لەگەڵ بانکە گەورەکانی ئەمریکا و ئەورووپا خۆشدەکات، هەنگاوێک کە تێچووی هاوردە و هەناردە بۆ بازرگانانی ناوخۆ کەمدەکاتەوە و جوڵەی دارایی ئاسانتر دەکات.
سێیەم، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. کاتێک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەبینن بانکێکی ناوخۆیی بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی جیهانی بەڕێوەدەبردرێت، متمانەیان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
بانکی بازرگانیی هەرێم (RTB) لە مانگی تەمموزی 2001ەوە خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش دەکات، لە ئەیلولی 2003 ئۆفیسی سەرەکی لە هەولێر دامەزراندووە، مۆڵەتی لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە و تۆمارکراوە و لە 2001ەوە تا ئێستا هیچ سزایەکی بانکی لەسەر نەبووە.
|