خه‌رجی حه‌وت ساڵی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاشكرا دەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حه‌وت ساڵی رابردو خه‌رجی كرداریی حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له 87 ترلیۆن دینار بوه.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری بڵاویكرده‌وه، تێكڕای خه‌رجییه كردارییه‌كان له‌ماوه‌ی 2017 تاوه‌كو 2025 ده‌گاته زیاتر له 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار، له‌و ژماره‌یه زیاتر له 65 ترلیۆنی خه‌رجی موچه بوه و زیاتر له 14 ترلیۆنیش خه‌رجی به‌كارخستن كه بریتییه له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ڕۆژانه‌ی فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته‌كان و هتد، هه‌روه‌ها زیاتر له چوار ترلیۆن خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بوه و نزیكه‌ی چوار ترلیۆنیش خه‌رجی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان بوه.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "ئه‌مه جگه له‌و موچانه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌رجنه‌كراون، له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی لێبڕینه‌كانی خانه‌نشینی موچه‌و پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و جیاوازییه‌كانی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شایسته‌ی كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران كه خه‌رجنه‌كراون، له‌گه‌ڵ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه به‌شێكیان به‌شێوه‌ی چه‌ك و مه‌قاسه خه‌رجكراون به‌هۆی كه‌می نه‌ختینه‌ی به‌رده‌ست له بانكه‌كاندا".
باسی له‌وه‌شكردوه، "سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی به‌كارخستن و وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجده‌كرێت و له دوای ساڵی 2013ه‌وه وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ته‌نها به‌شێك له ته‌مویلی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ناردوه كه بۆته به‌شێك له ته‌واوكاری خه‌رجی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، له‌درێژه‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌رتوكی كار و چالاكی و چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له ساڵانی 2019 تا 2025 به‌داتا و زانیاری و گرافیك شێوازی خه‌رجكردنی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران و میكانیزمی ته‌مویل كردنی پاره‌كان له حه‌وت ساڵی ڕابردهودا ڕونكراوهتهوه، له‌كابینه‌ی نۆیه‌مدا له (2019 – 2025) حكومه‌تی هه‌رێم (13) موچه‌ی ته‌واوه‌تی نه‌داوه كه سێ موچه‌ی هی كابینه‌ی پێشوه و 10 موچه‌ی هی كابینه‌ی نۆیه‌مه (له راپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، 10 موچه‌ی ته‌واوه‌تی نه‌دراوه.
|