عەلی زەیدی: قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشی عێراق و ئەمریکا دەست پێدەکەین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  209 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت،" سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر ".

عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ "سکای نیوز" ئاماژەی بەوەکرد،" ئێمە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکانمان ڕاسپاردوە کە کۆمپانیا بەناوبانگە ئەمریکییەکان لە بوارەکانی وزە و پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیا، و گەشەپێدان لە پێشینەدا دابنێن ".

وتیشی، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابوری بڕیاری گرنگی داوە سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش کۆمپانیای شیڤرۆن، هالیبێرتۆن، وکۆمپانیای ‏(HKN)، جگە لە پێدانی دەرفەتی کارکردنی لە کێڵگە نوێیەکان و شوێنەکانی گەڕان.

عەلی زەیدیی ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ ستارلینک هەنگاو دەنێت، بەشێوەک دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ژێرخانی دیجیتاڵی عێراق.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تاوتوێی پڕۆژەی سندوقی وزە و گەشەپێدان دەکەین، کە لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەست پێدەکات تا دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و بەرهەمهێنان، و ئەگەری هەیە لە دەرەوەی سنوری پشکەکانی ئۆپێک بێت.

لەبارەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، زەیدی رایگەیاند،" لە مانگی ئەیلولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکی شەڕیان دژ بە داعش کۆتایی پێدەهێنن و عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەجێدەهێڵن، ئێمە دەمانەوێت لە هاوبەشی سەربازییەوە هەنگاو بنێین بۆ هاوبەشییەکی ئابوری بەردەوام و دروستکردنی پردێکی ئابوری کاریگەر لە نێوان عێراق و ئەمریکا کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بەدی بهێنێت ".

باسی لەوەشکرد،" لە قۆناغی داهاتودا چاوەڕوانی ئامادەبوونی ئەمریکاین لە ڕێگەی هاوبەشی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە ".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە