یـەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ لەبارەی گرانبوونی بەنزین هاتنە دەنگ
1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
هەرسێ فراکسیۆنی (یەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر گرانی و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین وغازو سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاویان کردەوە و دەڵێن بێدەنگ نابین و قبوڵی ناکەین
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەدەست قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەو چەندەها گرفتی ئابورییەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕوکێن خراوەتە سەر شانیان، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین غازو سووتەمەنییە، ئەم دۆخە نەخوازراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێوی ڕۆژانەی کاسبکاران، شوفێران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
ئێمە وەک ئەم سێ فراکسیۆنە کوردستانییە لە بەغدا، پاڵپشت بەو متمانەیەی پێمان بەخشراوە، ڕایدەگەیەنین کە بەهیج شێوەک بێدەنگ نابین لە ئاست ئەم ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت، بۆیە بۆ ڕای گشتی ڕوونیدەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر:
یەکەم: هەموو هەوڵ و تواناکانمان چڕدەکەینەوە لەڕێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوت و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری بۆ ڕێگریکردن لەم قۆرخکارییە ئاشکرایە، کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات.
دووەم: حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سووتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم دەیدەن.
سێیەم: داوا ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەین، بەپێی بنەماکانی دەستوور و هاوڵاتیبوون، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالیتی بەرز و بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (٤٥٠ دیناری) زیاد بکەن و، ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.
هاونیشتمانیانی بەڕێز..
ئێمە لە بەغداوە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی، دەستووری و پەرلەمانییەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و، سووککردنی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی خراوەتە سەر شانتان.
فراکسیۆنەکانی:
ــ یـەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ــ ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی
ــ کۆمەڵی دادگەری کوردستان.
۲۷ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
|