وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامێکی توندی بەغدا دەداتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
70 جار خوێنراوەتەوە
وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی جێگری یهكهمی سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لهبارهی راگرتنی ناردنی پاره بۆ موچهخۆرانی ههرێم دهداتهوه و راشیدهگهیهنێت، ئێمه ههمو ئهركهكانمان جێبهجێكردوه و دهشڵێت، "حكومهتی فیدڕاڵی موچهی مانگهكانی (تشرینی دوهم/11 و كانونی یهكهم/12)ی ساڵی رابردوی بۆ نهناردوین".
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم:
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریارییەوە
لە وەڵامی ئەو لێدوانەی کە لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێز (عەدنان فەیحان دلێمی)یەوە دراوە، کە تێیدا داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات گواستنەوەی هەر بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تا ئەو کاتەی یەکلاکردنەوەی تەواوەتی بۆ ئەو بڕە پارانە دەکرێت کە ئاماژەی پێداوە گوایە ڕادەست نەکراون، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم هەمیشە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینی یان یەکلاکردنەوەیەک کە پەیوەست بێت بەم بابەتەوە، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە کە لە یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ و یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (١٣) بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥)دا هاتوون، و دەخوازین کۆمەڵێک ڕاستی یاسایی و دارایی پەیوەندیدار بەم بابەتە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- حکومەتی هەرێم پابەند بووە بە گواستنەوەی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، بەپێی حوکمەکانی ئەو یاسایانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە و بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی پێشوودا واژۆ کراوە، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (١)دا ڕوون کراوەتەوە. لە بەرامبەردا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین کراوە و شایستە داراییەکانی تەنها بۆ ماوەی دە مانگ لەو ساڵەدا نێردراون، لە کاتێکدا مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و تشرینی یەکەم دابین نەکراوە، سەرەڕای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق لەو دوو مانگەدا.
٢- لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەپێی ئەو سیاقەی پەیڕەو دەکرێت و بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار گواستراوەتەوە، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خشتەی ژمارە (٢)دا هاتوون.
سەبارەت بە مانگەکانی ئازار و نیسان، داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا و نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیكۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمدا، کە ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکار هێنرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی پێشوودا کرا کە ڕێژەی (٥٠٪)ی داهاتە نانەوتییەکان بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی، بەهۆی دابەزینی داهاتەکان لەو ماوەیەدا.
هەروەها شایانی باسه کە گفتوگۆکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم گەیشتوونەتە قۆناغەکانی کۆتایی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دواکەوتن و خەمساردی هەبووە لە دەرکردنی بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە.
٣- گونجاوتر بوو بۆ بەڕێز جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ پرسی (خەرجیی ڕاستەقینە - الإنفاق الفعلي)ی سەرەڕۆیانە، کە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەم بەندەوە شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی، لەوانەش شایستەی مووچە بە تەواوەتی دابین نەکراون، کە ئەم بەندە تەنها بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت نەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
لێرەوە داواکاری بڕین یان ڕاگرتنی مووچەی توێژێک لە هاووڵاتییانی دەوڵەت بەبێ توێژەکانی دیکە جێی سەر سووڕمانە، بەتایبەت کاتێک لەلایەن کەسایەتییەکەوە بێت کە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەیە، کە دەبێت زیاتر پەرۆش بێت بۆ پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری.
٢٠٢٦/٦/٩
|