بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی جێگرەوەی لیڤاندۆڤسکی دەستپێکرد

1     کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

یانەی بارسێلۆنا بەردەوامە لە گەڕان بەدوای هێرشبەرێکی گونجاودا بۆ ئەوەی شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پڕبکاتەوە، بۆ ئەوەش هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەستپێکرد.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا لیستێکی لە هێرشبەران ئامادەکردووە، لە لیستەکەدا ناوی هەریەکە لە جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، جواو پێدرۆ، گۆڵکاری یانەی چێڵسی و هاری کەین، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی بایرن میونشن هەیە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە لەگەڵ بۆیان کریکیچ و جواو ئامارال، سەرۆکی بەشی دۆزینەوەی یاریزانان بۆ یانەکە چوونەتە لەندەن بۆ ئەوەی کار بۆ گواستنەوەی جواو پێدرۆ بکەن".

ئەمە یەکەمجار نییە، دیکۆ بۆ چاودێریکردنی ئەو یاریزانە دەچێتە لەندەن، لەکاتێکدا دەزانێت گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، هێندە ئاسان نییە، بەتایبەت کە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات.

چاوەڕواندەکرێت بارسێلۆنا تاوەکو 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە بداتە چێڵسی، بەڵام میدیای ئینگلتەرا دەڵێت "یاریزانەکە بۆ فرۆشتن نییە".

ئەگەرێک هەیە بۆ رۆیشتنی جواو پێدرۆ لە یانەی چێڵسی، ئەویش شکستهێنانی یانەکەیە لە گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو.

لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەک لە ئیسپانیا دەڵێن، یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات".

کاتێک پرسیار لەبارەی چوونی ئەلڤارێز، لە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئەو یانەیە کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "بڕۆن لە ئەلڤارێز بپرسن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە