پێپ گواردیۆلا بۆ خزمەتکردنی باوکی وازی لە مانچێستەر سیتی هێناوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، کە سبەی سەرپەرشتی دوایین یاریی خۆی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە دەکات، هۆکارەکانی وازهێنانی لە راهێنەرایەتی راگەیاند و گوتی "باوکم هێشتا زیندووە و تەمەنی 94 ساڵە، دەمەوێت لەم ساڵانەی دواییدا کاتی زیاتر لەگەڵیدا بەسەر ببەم".
گواردیۆلا لەبارەی ئەوەی کە سەرەڕای ئەوەی هێشتا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی ساڵێکی مابوو، بەڵام وازیهێنا، وتی "هەندێک شت هەن کە هێشتا نەمکردوون و دەمەوێت بیکەم. باوکم هێشتا زیندووە و تەمەنی 94 ساڵە، دەمەوێت لەم ساڵانەی دواییدا کاتی زیاتر لەگەڵیدا بەسەر ببەم".
هەروەها وتی "منداڵەکانیشم و زۆر شتی دیکە هەیە کە من وەک مرۆڤێک دەتوانم بیکەم. من بەختەوەرم کە ئازادی هەڵبژاردنم هەیە، بۆیە ئەم بڕیارەم دا".
ئەو هەروەها رایگەیاند "من کارەکەم خۆشدەوێت. تەنانەت دوایین یاری بەرامبەر بۆرنمۆس کاتێک جامی یەکێتیی ئینگلتەرامان بردەوە، یان هەر بۆنەیەک بێت زۆر دڵخۆشم دەکات".
پێپ گواردیۆلا زیاتر وتی "من ئەم کارەم خۆشدەوێت، بەڵام من دەمەوێت شتێکی دیکە بکەم، تێدەگەن؟ بۆ یەکەمجار دەمەوێت بیکەم، نازانم ئەم ماوەیە چەندی دەخایەنێت".
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە "دەمەوێت فێربم، چونکە گەشتێکی بەردەوامە. دەمەوێت فێری شتی دیکە ببم بەم شێوەیە ئاسانە".
پێپ جگە لە تۆپی پێ دەیەوێت لە چەند روویێکی دیکەشەوە چێژ لە ژیان وەربگرێت، ئەو گوتی "وابزانم ژیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک شتی سەرسوڕهێنەر پێشکەش دەکات کە دەکرێت ئەنجام بدرێن. لە رابردوودا گەشت بەم شێوەیە بەردەست نەبوو".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد"من ناچم بۆ کۆنسێرت، نە بۆ شانۆ، نە بۆ سینەما. زۆر شت هەیە کە من نایکەم هەرچەندە حەزم لێیانە. دەمەوێت فێربم چۆن ژیانێکی جیاواز بژیم".
گواردیۆلا جەختی لەوەشکردەوە "زۆر شت هەیە کە دەیکەم. من زۆر بیرۆکە لە مێشکمدا هەیە. بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبم لە بەدواداچوونی تۆپی پێ و سەیری مانچێستەر سیتی دەکەم. بارسێلۆنا و بایرن میونشن. من هەمیشە سەیری یارییە گەورەکان دەکەم. تۆپی پێ بەشێکە لە ژیانم و ناتوانم 100٪ لێی دووربکەومەوە. رۆژ بە رۆژ، رۆژ بە رۆژ من تەنیا دەمەوێت پشوویەک بدەم. ئەوە هەموویەتی".
|