نەیمار تووشی پێکان بووە و لە بەرازیل هەرایە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  40 جار خوێنراوەتەوە

پشێوی و ناڕوونییەکی تەواو، لە چواردەوری نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل دروستبووە، بەرلەوەی سیلساو کەمپی مەشقەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو دەستپێبکات.
 
پشێوییەکە پاش ئەو هەواڵانە سەریان هەڵدا کە دووپاتیدەکەنەوە، نەیمار دووچاری پێکان بووە و چیدی لەگەڵ یانەی سانتۆس یاریی ناکات. هەواڵەکە مشتومڕی گەورەی دروستکردووە لەسەر بانگهێشتکردنی ئەو یاریزانە بۆ مۆندیال، لە کاتێکدا یاریزانێکی وەک جواو پێدرۆ بانگ نەکراوە.
 
میدیای بەرازیل دەڵێن، نەیمار بەهۆی پێکانەکەیەوە لە مەشقەکانی سانتۆس دادەبڕێت، بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە بگاتە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە لە گرانجا کۆماری شوێنی کەمپەکە، بەڵام ناتوانێت بەهەمان ریتمی یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەکە مەشق بکات.
 
نەیمار یەکشەممەی پێشوو، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر کۆریتیبا کە بە سێ گۆڵی بێوەڵام دۆڕان، دووچاری پێکان بوو و لە دەرەوەی یاریگا چارەسەری کاتیی بۆ کرا.
 
بەرەبەیانی دووشەممە، نەیمار لەسەر داوای فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، پشکنینی زیاتری بۆ پێکانەکەی ئەنجامدا و دەرکەوت ماسوولکەی پوزی قاچی راستی، بەقووڵیی پێنج ملیمەتر دڕاوە. پێکانەکە بەمام ناوەند لە رووی مەترسییەوە دادەنرێت.
 
ئەو پێکانە، کاریگەریی لەسەر بڕیاری کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری سیلساو دروستنەکرد، کە لەسەر داوای ئەستێرەکانی نێو ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکە، ئەو یاریزانەی بانگهێشتی مۆندیالی داهاتوو کرد.
 
نەیمار بەهۆی پێکانەکەیەوە ماوەی 10 رۆژ بەلانیکەمەوە دووردەکەوێتەوە. لە دوو یاریی رابردووی یانەکەیدا بەشداریی نەکرد و پێشبینیکراوە لە دوو یاریی داهاتووشدا، توانای بەشداریکردنی نەبێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، خۆی لە وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارێکی پەیوەست بەنەیمار و بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەکە دەپارێزێت، لە کاتێکدا میدیاکان دەڵێن، ئەنچێلۆتی زانیویەتی نەیمار پێکانی هەیە، بەڵام هەر بانگی کردووە بۆ لیستی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی داهاتوو.
 
رۆدریگۆ زوگیب، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی یانەی سانتۆس ئاشکرایکردووە نەیمار پێکانێکی سووکی لە پووزی قاچیدا هەیە. پلان ئەوەیە کە بەپێی چاکبوونەوەکەی دەچێتە پێش و ئەوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بڕیار لە کاتی ئامادەبوونی بۆ یارییکردن دەدات.
 
کوکای راهێنەری سانتۆس لای خۆیەوە گوتوویەتی کە "قسەکردن لەسەر بابەتەکە قورسە، چونکە هەموو ئەوەی لە چواردەوری ئەو یاریزانە هەیە ئاڵۆزە، دەبێ بەوریارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین".
 
ئاشکرابوونی هەواڵی بانگهێشتکردنی نەیمار بەپێکانەوە بۆ مۆندیال، دابەشبوونێکی گەورەی لەنێو بەرازیلدا دروستکردووە. میدیای وڵاتەکە رەخنەی زۆریان لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری سیلساو گرتووە، بەخاترگرتن و چاوپۆشی لە ئاستی نەیمار تۆمەتبارکراوە.
 
ئەنچێلۆتی رووبەڕووی هێرشی زۆری میدیاکانی بەرازیل بووەتەوە، چونکە ئەو قوربانیی بە جواو پێدرۆی هێرشبەری چێڵسیدا کە لە وەرزەکەدا 20 گۆڵی بۆ یانە لەندەنییەکە تۆمارکردووە.
 
ئەنچێلۆتی بەوە تۆمەتبارکراوە، کە دووفاقانە مامەڵەی لەگەڵ هەڵبژاردەی نەیماردا کردووە و ئەستێرەیەکی پێکراوی خستووەتە سەروو یاریزانێکەوە، کە دەکرا لە مۆندیالدا باشتر خزمەتی هەڵبژاردەکە بکات.
 
سەرچاوەکانی نێو بەرازیل دەڵێن، نەیمار بەشداریی لە یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەکە بەرامبەر پەنەما ناکات لە رۆژی 31ی ئەم مانگە، کە دوایین یارییە بەرلەوەی سیلساو بەرەو ئەمریکا گەشت بکات.
 
لە دوای ئەو رووداوانەوە، هەندێک لە شرۆڤەکارانی تۆپی پێ پێیانوایە، نەیمار لە لیستی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال دووردەخرێتەوە و ئەگەر هەیە لەشوێنی ئەو، جواو پێدرۆ بچێتە نێو لیستەکەوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی داهاتوو لە کۆمەڵەی سێیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلاند یارییدەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە