لیڤاندۆڤسکی بە پەیامێکی کاریگەر ماڵئاواییکردنی لە بارسێلۆنا راگەیاند
1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرە و گۆڵکاری پۆڵەندیی یانەکەی راگەیاند.
یانەی بارسێلۆنا لەسەر لاپەرە فەرمییەکانی خۆی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا، رۆیشتنی یاریزانەکەی لە یانەکە راگەیاند و نووسیوویەتی "وەکو ئەستێرەیەک هات، وەکو ئەفسانەیەک دەڕوات".
یانەکە سوپاسی لیڤاندۆڤسکی دەکات و دەڵێت "سوپاس رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بۆ هەر گۆڵێک، هەر تێکۆشانێک و هەر ساتێکی جادوویی کە بەم رەنگانەوە پێشکێشت کردین، بۆ هەمیشە کولەر".
رۆژی یەکشەممە یاریزانە پۆڵەندییەکە دوایین یاریی خۆی لە یاریگای بارسێلۆنا ئەنجامدەدات و ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە و تیپەکە دەکات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تەمەنی 37 ساڵە، یاریزانەکە لە ساڵی 2022 پەیوەندیی بە بلاوگراناوە کردووە، 191 یاریی بەدرێسی بارسێلۆناوە ئەنجامداوە، 119 گۆڵی کردووە و 24 ئەسیستی کردووە.
لیڤاندۆڤسکی لە بارەی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی "دوای چوار ساڵی پڕ لە ئاڵنگاری و ماندووبوونێکی زۆر، کاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی دەکەم. بەو هەستەوە دەڕۆم کە ئەرکەکەم گەیاندووەتە کۆتایی 4 وەرز و 3 نازناو.
هەرگیز ئەو خۆشەویستییەم بیرناچێتەوە کە لە یەکەم رۆژەکانمەوە لە لایەن هاندەرانەوە پێم بەخشرا".
لیڤا زیاتر دەڵێت "کەتەلۆنیا شوێنی تایبەتی منە لەسەرئەم زەوییە. سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەم چوار ساڵە جوانەدا لەم رێگایەدا ناسیومن. سوپاسێکی تایبەت بۆ سەرۆک لاپۆرتا کە هەلی ئەوەی پێبەخشیم ناوازەترین وێستگەی ژیانی وەرزشیم ئەزموون بکەم. بارسا گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە شایەنییەتی".
لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "بژی بارسا، بژی کەتەلۆنیا".
|