سەرۆکی لالیگا هێرشیکی تووند دەکاتە سەر پێرێز
1 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا زۆر بەتووندی وەڵامی قسەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەداتەوە و دەڵێت "درۆکردن بەردەوامە.. تۆ یەکەم نەبوویت بەڵکو دوا کەس بوویت". هەروەها دەڵێت "ریال مەدرید تەنیا دوای کشانەوەی بارسێلۆنا لە سوپەرلیگ باسی کەیسی نێگرێرای کرد".
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا، وەڵامی لێدوانەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی دایەوە سەبارەت بە لالیگا
و دۆسێیەی نێگرێرا، کە پەیوەندی بە تۆمەتبارکردنی بارسێلۆناوە هەیە بە پێدانی پارە بە ناوبژیوانان لە ماوەی نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018.
فلۆرێنتینۆ پێرێز لەگەڵ کەناڵی لا سێكستا جەختی کردبووەوە ریال مەدرید یەکەم و تەنیا لایەن بووە کە لە دۆسێیەی نێگرێرادا چووەتە بەردەم دادگا.
لەو گرتە ڤیدیۆییەی کە تێباس بڵاویکردووەتەوە، پێرێز هەڵوێستی ریال مەدرید رووندەکاتەوە و دەڵێت "یەکەم کەس کە سکاڵای تۆمارکرد و تەنیا کەسیش ریال مەدرید بوو. دەستەی لالیگا سکاڵای تۆمارکرد، بەڵام داوای هیچ شتێکی نەکرد. دواتر لالیگا بوو بە هاوبەش، چونکە پێشتر هیچی نەگوتبوو".
پێرێز دەشڵێت "دواتر سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان دێت و دەڵێت دەبێت دۆسێیەکە فەرامۆش بکرێت. چۆن فەرامۆش دەکرێت؟ جیهان چاوەڕێی چارەسەری گەورەترین دۆسێیەی گەورەترین گەندەڵی دەکات لە مێژووی تۆپی پێدا. ئایا ئێمە تۆپی پێیەکمان دەوێت کە جددی بێت یان چاوپۆشی لە بابەتەکە بکەین؟ ئەمە گەندەڵییەکی سیستماتیکە، وەک ئەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەگوتوویەتی".
لەلایەن خۆیەوە، تێباس بەتووندی لەڕێگەی هەژمارەکانی خۆیەوە وەڵامی دایەوە و گوتی "درۆکردن بەردەوامە. فلۆرێنتینۆ لە ڤیدیۆکەدا شتێک دەڵێت کە راست نییە. ریال مەدرید یەکەم نەبوو، بەڵکو دواکەس بوو. پێش ئەوە لالیگا سکاڵای پێشکەش بە داواکاریی گشتی کردبوو، هەروەها ناوبژیوان ئێستراداش چووە بەردەم دادگا. تۆمارەکان هەمووی ماون".
تێباس زیاتر گوتی "تێبینییەک بۆ ئەوانەی فلۆرێنتینۆی راستەقینە لەپشت پەردەدەناسن: ئەوەی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرە رۆژنامەWانییەکەدا دەرکەوت فلۆرێنتینۆی راستەقینە بوو، نەک ئەو وەشانەی کە لەگەڵ میدیاکار جۆسێپ پێدریرۆڵ دەردەکەوێت،
بەڵام ئەمجارەیان بە یارمەتی هەندێک حەب بۆ ئەوەی باشتر درۆ بکات".
هەروەها سەرۆکی لالیگا کارگێڕیی ریال مەدریدی تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنیا دوای کشانەوەی بارسێلۆنا لە پڕۆژەی سوپەرلیگ دەستیان بە جووڵە کردووە لە دۆسێیەی نێگرێرا، و گوتی "ئەوان باسەکە درێژ دەکەنەوە بۆ ئەوەی سەرپۆشی هەڵەکانی دیکە بکەن. با ئەوەمان لەبیر بێت کە ریال مەدرید بێدەنگ بوو کاتێک بارسێلۆنا بەشێکبوو لە سوپەرلیگ و هاوڕێ بوون، و ئەمەش ئەوەیە کە پێرێز خۆی گوتبووی. کاتێک بارسێلۆنا سوپەرلیگی جێهێشت، کارگێڕیی مەدرید ئەو کەرامەتەیان بیرکەوتەوە کە لە دۆڵابدا هەڵیانگرتبوو".
|